چاونیوز: پاش بانگەوازی چالاکوانانی شاری گیەڵان بۆ بەشداریی لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی سەوگەند سەیادی، چالاکوانێکی ئەم شارە بەم بۆنەوە دەسبەسەر کرا.
لە ڕۆژانی ڕابردوو، کۆمەڵگای مەدەنیی ساری گیەڵان، لە بانگەوازێکدا داوایان لە خەڵکی ئەو شارە و شارەکانی دیکە کردبوو کە کاتژمێری ٣٠/٢ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، ٣٠ی خەزەڵوەر، بە مەبەستی یادکردنەوەی و مەحکوومکردنی کوشتنی “سەوگەند سەیادی” کە لە ڕۆژانی ڕابردوو بە دەستی باوکی کوژرابوو، لەسەر گۆڕستانی چوارمەرجان لەسەر گۆڕی سەوگەند کۆ ببنەوە و چالاکێکی مەدەنییانە بەم بۆنەوە بەڕێوە ببەن.
هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لەم پێوەندییەدا، چالاکوانێکی خەڵکی ئەم شارەیان بە ناوی “سارا کازمی (کەلهوڕ)”، تەمەن ٢٩ ساڵیان دەسبەسەر کرد و بەرەو شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگرتن و باری تەندروستیی ئەم چالاکە مەدەنییە لە بەردەستدا نییە.





