چاونیوز: لە درێژەی دەسبەسەرکردنە سەرەڕۆیانەکانی هاووڵاتییانی شاری ئاودانان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چوار هاووڵاتیی دیکەی ئەم شارە دەسبەسەر و بەرەو شوێنێکی نادیار ڕەوانە کران.
بەپێی هەواڵ و زانیارییەکانی بەردەست، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە درێژەی دەسبەسەرکردنی بەرینی هاووڵاتییانی ئاودانان، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی ئەم شارە، بە ناوی “تەها سەبزی” لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کرا.
هەر لەم پێوەندییەدا، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ٣ی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی “ئومید عەزیمی”، تەمەن ١٧ ساڵ، خەڵکی ئاودانان، دەسبەسەر و بەرەو شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ٤ی سەرماوەز، دوو هاووڵاتیی دیکەی ئەم شارە، بە ناوەکانی “هوومەن دارابی”، تەمەن ٣٧ ساڵ و “حەمیدڕەزا ساداتی” لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و بەرەو شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن و باری تەندروستیی ئەم کەسانە لە بەردەستدا نییە.




