چاونیوز: دوو توێژەری کورد بە خستنەپاڵ تۆمەتی بێبنەما لە بەردەم هەڕەشەی لەسێدارەدانن.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی مافی مرۆڤی کوردستان، دوو هاوژین بە ناوەکانی “کەژاڵ موبارەکی” خەڵکی دیولان و “جەماڵ ئەحمەدزادە” خەڵکی مەهاباد، توێژەر، نووسەری کتێبەکانی زانکۆ و ئەندامی “ناوەندی نیشتمانیی بلیمەتەکان” کە لە ڕێکەوتی ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٥ لە ماڵەکەی خۆیان و لە بەرچاو دوو منداڵی ٩ ساڵە و ١٣ ساڵەدا دەسبەسەر کران و پاش چەند هەفتە ڕاگرتن لە گرتنگەی ئیتلاعات بەرەو بەندیخانەی ورمێ ڕەوانە کران، لە بەردەم هەڕەشەی لەسێدارەدانن.
ڕۆژی دووشەممە، ٢ی خەزەڵوەر، “سیداد شێرزاد” پارێزەری ئەم دوو کەسە، ڕاگەیاندووە کە ناوبراوان لەلایەن دادگای ئینقلابی ورمێیەوە بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە گرووپی دژبەر” و “هەوڵدان لە پێناو بەرژوەندیی ئیسرائیل و دەوڵەتە دوژمنەکان” مەحکووم کراون.
هەروەها “سابیر موبارەکی” برای کەژاڵ موبارەکی، وتوویەتی: ئەم دۆسیەسازییە بۆ هەوڵی بەدەستهێنانی زانیاریی ئەم دوو هاووڵاتییە لەسەر یەکێک لە براکانی کەژاڵ دەگەڕێتەوە کە سەربە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانە، دەنا ئەم توێژەرانە سەرجەمی ئەو تۆمەتانەیان ڕەت کردووەتەوە.





