چاونیوز: لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە پێوەندیی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ئاودانان دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییانی ئەم شارە هەروا بەردەوامە.
بەپێی زانیاری و هەواڵەکانی بەردەست، ڕۆژی سێشەممە، ٢٦ی خەزەڵوەر، سێ هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان بە ناوەکانی “محەممەدحوسێن کاویانی، حەمید شامحەممەدی و حوسێن عەلیزادە”، لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی ئەم شارە بە هۆی وەرگەڕانی پاسی شیرکەت گاز، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بەرەو شوێنێکی نادیار ڕەوانە کراون.
هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی هەینی ٢٩ی خەزەڵوەر، چوار هاووڵاتیی دیکەی ئەم شارە بە ناوەکانی “محەممەد میرزایی، ئاریەن ئیمانی، محەممەدئەمین ئەمیرایی و ئەمیر گەروەند” لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی سەربە ئیتلاعاتی ئاودانان دەسبەسەر کران و بەرەو شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.
هەروەها ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ٣٠ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی ئاودانان، بە ناوی “سەید هەمزە هاشمی” لەلایەن ئیتلاعاتی ئەم شارەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراوە و لەڕەوتی دەسبەسەرکردنی ئەم کەسە هێزە ئەمنییەتییەکان لە دایکی ناوبراویان داوە کە بە هۆی ناجێگیربوونی باری تەندروستیی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لەسەر شوێنی ڕاگرتن و باری تەندروستیی ئەم کەسانە و زۆربەی دەسبەسەرکراوانی شاری ئاودانان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.





