چاونیوز: لە ڕۆژانی ڕابردوودا جگە لەوەی لە شاری ئاودانان هاووڵاتییانی ئەم شارە لەژێر گوشار و هەڕەشەی ئەمنییەتیی هێزەکانی سپا و ئیتلاعاتدان، لە چەندین شاری دیکەی کوردستان زیاتر لە جاران هاووڵاتییان دەسبەسەر و بێسەروشوێن دەکرێن.
لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی خەزەڵوەر، “ئیسماعیل (سمکۆ) خالدیان”، تەمەن ٤٠ ساڵ، خێزاندار و خەڵکی گوندی “نسارە” سەربە شاری دیواندەرە، کە پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان بووە و بەم بۆنەوە سزا و زیندانی کراوە، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لە ماڵەکەی خۆی دەسبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراوە.
هەروەها، ڕۆژی شەممە، هاووڵاتییەکی دیکەی کوردستان، بە ناوی “بەهمەن ڕەحیمزادە”، خەڵکی مەهاباد، لەلایەن چەندین ماشینی هێزە ئەمنییەتییەکانەوە پەلاماری دووکانی مکانییەکەی دراوە و بەبێ هیچ ڕوونکردنەوە و بەڵگەیەکی یاسایی دەسبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراوە.
هەتا ئێستە لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگرتن و باری تەندروستیی ئەم کەسانە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان، ناوەندە ئەمنییەتییەکان هیچ وڵام و ڕوونکردنەوەیەکیان ڕانەگەیاندووە.





