چاونیوز: سێ کۆڵبەر لە ئاکام تەقەی ڕاستەوخۆی لە کەمینەوە کوژراو و بریندار بوون.
بە پێێ هەواڵی چاونیوز،ڕۆژی شەممە ١٧ی جۆزەردانی ١٣٩٩، هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سەردەشت، تەقەیان لە ژمارەیەک لە کۆڵبەران کرد و لە ئاکامدا، کۆڵبەرێک بە ناوی “عومەر مەسلەحەتی بیلوکە” خەڵکی ئەو شارە گیانی لەدەست دا و دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوی “ئومید کوشیار” و “عەبدولڕەحمان شایقی” خەڵکی گوندی “مێرئاوا”ی سەردەشت بریندار بووە.
ئەو ڕووداوە، لە ناوچەی سنووری شاری سەرەشت ڕوویداوە و هێزە نیزامییەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، ئەو کۆڵبەرانەیان داوەتە بەر دەسڕێژیی گوللـە.
لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی جۆزەردان، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە سنووری بانە کرانە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت و لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانە، کۆڵبەرێک بە ناوی “عەلی مەعارفی” خەڵکی گوندی “نەنۆڕ”ی ئەو شارە بریندار کرا.