چاونیوز: هێزێکی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی پیرانشار هێرشیان کردە سەر کاسبکارانی ئەم ناوچەیە و چەند سەر ئەسپی کاسبکارانیان کوشتووە.
بەپێێ هەواڵی چاونیوز وەرگیراو لە کوردستان و کورد، ڕۆژی شەممە ١٠ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی سپای پاسدارانی و هێزی ئینتزامی لە گوندی ماشکانی سەر بە پیرانشار ڕێگەیان لە کاسبکارانی ئەم ناوچەیە گرتوە و بە مەبەستی تاڵانکردنیان هێرشیان کردوونەتەسەر و دوای بێڕێزی و بێحورمەتییەکی زۆر، چەند سەر ئەسپی کاسبکارانیان کوشتووە.
خەڵکی گوندی ماشکان کە ئەم کردەوەیەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم دەبینن، ئازایانە بەگژ ڕێگر و بەکرێگیراوەکانی ڕێژیمدا دەچنەوە و پێکدادان لە نێوان خەڵک و ئەو هێزە ئینسانکوژەی ڕێژیم ڕوویداوە. هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم بە زەبری چەک هێرشیان کردۆتە سەر خەڵکەکە و بێڕیز و بێحورمەتییەکی زۆریان بە خەڵکی گوندی ماشکان کردووە.
هێزە بەکڕێگیراوەکانی ڕێژیم کۆماری ئیسلامیی ئێران چەتە ئاسا شەو و ڕۆژ لە سەر ڕێگاکان کەمین بۆ خەڵکی کاسبکار دەنێنەوە و بە بیانووی جۆراوجۆر کەلوپەلەکانیان بە تاڵان دەبەن و وێڕای بە تاڵانبردنی کەلوپەلی کاسبکاران ئەسپ و هێسترەکانیان دەکوژن. ئەو هێزە درندەیەی ڕێژیم هەر بەوەندە دڵیان ئاو ناخواتەوە و زۆر جار کاسبکاران دەدەنە بەردەسڕێژی ڕاستەوخۆی چەکەکانیان و گیانیان لێدەستێنن.
خەڵکی هەژار و بێکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بۆ بژیوی ژیانی خێزانەکەیان پەنایان بۆ کۆڵبەری بردووە و لەو ڕێگەیەدا تووشی کوشتن و هەڵدێران و کەوتنە ژێر بەفر و ڕنوو و گەلێک نەهامەتی دیکە دەبنەوە و ساڵانە سەدان کەس لە ڕێگای پەیدا کردنی ناندا گیانیان لێدەستێندرێ و سەدان کەسیش بریندار و نقوستان دەبن.