چاونیوز: سهرهتای مانگی ڕێبهندان، دەزگای دادوەرییی حکومەتی ئێران حوکمی بەندکران و لێدانی قامچی بە سەر ٧ مامۆستای خەڵکی پاریزگای خوراسانی باکوور سەپاندووە، کە لهم حهوت ماموستایه دوو کەسیان کورد بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوهندی ماڤی مرۆڤی له ڕۆژههڵاتی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٩ی ڕێبەندانی 1398، حەوت مامۆستای خەڵکی پارێزگای خوراسانی باکوور بە ناوەکانی ،حەمەد ڕەزا ڕەمەزان زادە، سەعید حەقپەرەست، عەلی فرووتەن، مستەفا ڕەباتی، حەسەن جەوهەری، حەمید ڕەزا ڕەجایی و حوسێن ڕەمەزانپووڕ کە سەرجەمیان ئەندامی ڕێکخراوی سێنفی فەرهەنگیانی خوراسانی باکوور بوون، لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری بوجنوورد سەرجەم حوکمی ٤١ ساڵ و ٨ مانگ بەندکران و لێدانی ٢٢٢ قامچی و پێبژاردنی ٣ میلیۆن تمەن پارەیان بە سەردا سەپاوە.
ئەو حەوت مامۆستایە تۆمەتی ”هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕیگای دروستکردنی گرووپی نایاسایی بەمبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات و چالاکی دژی حکوومەت“ خراوەتە پاڵیان و هەر بەو تۆمەتەوە حوکم دراون.
بەپێی ئەو حوکمە، محەمەد ڕەزا ڕەمەزان زادە، حوسێن ڕەمەزانپووڕ و حەمید ڕەزا ڕەجایی بە ١٣ ساڵ بەندکران، ٨ ساڵ بەندکران و ٤ ساڵ بەندکران و هەر کامەیان بە لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کراون.
هەروەها، عەلی فرووتەن، مستەفا ڕەباتی، سەعید حەق پەرەست و حەسەن جەوهەری هەر کامەیان حوکمی ٣ ساڵ و ٨ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.
ئەو حەفت مامۆستایە مانگی ڕەزبەر و خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو لەکاتی مانگرتنی گشتی مامۆستایانی ئێران دەستبەسەر کرابوون.