چاونیوز: لە ڕۆژانی ڕابردوودا سێ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ئاودانان لە ئەنجامی گوشاری ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر و بەرەو شوێنێکی نادیار ڕەوانە کراون.
بەپێی هەواڵ و زانیارییەکانی بەردەست، لە ڕۆژانی ڕابردوو، لە ئەنجامی دەسبەسەرکردنی خەڵکی بەشدار لە ناڕازیەتییەکانی ئاودانان، “عەلی کەریمی”، خەڵکی ئاودانان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بەرەو شوێنێکی نادیار ڕەوانە کرا.
هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی “سوبحان ئەمری”، ٢٢ ساڵە خەڵکی “سەراب باخ”، سەربە ئاودانان، خوێندکاری فریاکەوتنی پزیشکی، لە زانکۆی دزفۆل، لەلایەن حەراسەتی زانکۆ و هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بەرەو شوێنێکی نادیار گوازاراوەتەوە.
هەروەها ڕۆژی هەینی ٢٩ی خەزەڵوەر، “شایان مەردانی” لاوی خەڵکی ئاودانان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بەرەو شوێنێکی نادیار ڕەوانە کراوە.
ئەگەرچی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەم شارە، لە وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیاندنەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاندووە کە لە پێوەندیی لەگەڵ دوایین خۆپیشاندانەکانی ئاودانان کەس دەسبەسەر نەکراوە، بەڵام هەتا ئێستە زیاتر لە ١٥ کەس دەسبەسەر کراون و هەتا ئێستەش هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخیان لە بەردەستدا نییە.





