چاونیوز: بە هۆی سیاسەتی چەوتی کۆماری ئیسلامی و زاڵبوونی نەریتی پیاوسالاری لە ڕۆژانی ڕابردوو سێ کچ لە سێ شاری جیاوازەوە کوژراون و خۆکوژییان کردووە.
بەپێی هەواڵ و زانیارییەکانی بەردەست، ڕۆژی شەممە، ٣٠ی خەزەڵوەر، کچێکی تەمەن ١٦ ساڵ، بە ناوی “هلیا فەتاحی”، خەڵکی سنە، لە لایەن باوک و دایکییەوە سەرەتا بە حەبی بێهۆشکەر سڕ کراوە و دواتر بە سەریندانان لەسەر دەمی خنکێندرا.
هەر لەم پێوەندییەدا، لە ڕۆژانی رابردوودا، لە شاری قووچان، کچێکی دیکە بە ناوی “زارا ئیبراهیمی”، تەمەن ١٤ ساڵ، پاش ڕفاندن لەلایەن چەند کەسێکەوە و دەسدرێژیی سکسی بە چەک کوژراوە.
هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوو، کچێکی دیکەی خەڵکی سەلاسی باوەجانی، بە ناوی “دڵنیا ڕۆستەمی”، تەمەن ١٩ ساڵ، بە هۆی گوشاری بنەماڵەکەی و ڕێگریکردن لە خوێندن دەستی داوەتە خۆکوژی و لە ئەنجامدا گیانی لە دەست داوە.
کوشتن و خۆکوژیی ژنان و کچانی کورد لە چەند مانگی ڕابردوو بە هۆی سیاسەتی چەوتی کۆماری ئیسلامی و نەبوونی ڕێوشوێنێکی یاسایی بۆ پێشگرتن بە توندوتیژیی لە هەمبەر ژنان و کچان بووەتە دیاردەیەکی مەترسیدار و نیگەرانیی کۆمەڵگای کوردستانی لێ کەوتووەتەوە.





