۳ی رەزبەری ساڵی ۱۴۰۰ ھەتاوی
آموزش وردپرس

خۆپیشاندانی خەڵکی بانە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە کوشتاری کۆڵبەران

لە درێژەی ناڕەزایەتییەکان و لە سەر بانگەوازی چالاکانی مەدەنیی شاری بانە، ئەمڕۆ سێشەممە، ۱۴ی خەرمانان بازاڕییانی ئەو شارە بۆ نارەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە تاوانی کوشتنی یەک بە دوای یەکی کۆڵبەران بە تایبەتی کوشتنی دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی قادر بەهرامی و حەیدر فەرەجی، دوکانەکانی خۆیان لە ناوەندی شار و پاساژەکان داخست.
دوای داخرانی دووکان و بازاڕ و پاساژەکان لە بانە ئۆرگانە ئەمنیەتی و سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەو شارە، بۆ چاوترساندنی خەڵک ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی خۆیان ڕژاندە نێو شار و بە توندی بەرامبەر ئەو مانگرتنە کاردانەوەیان نیشان دا. جموجۆڵی خەڵکی نارازی و وەزالەهاتوو بە کۆبوونەوە لە بەرەو دەرکی فەرمانداری دەستی پێکرد، بەڵام هێزەچەکدارەکان بە گازی فرمێسک ڕێژ بەرەوڕووی خەڵک بوونەوە و خەڵکیش بە بەردتێگرتن لە هێزەکانی ڕێژیم بەرگرییان لە خۆیان کرد.
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە هێزێکی زۆری چەکدار لە شارەکانی سەقز و بۆکان و سنەوە بەرەو شاری بانە ڕەوانە کراون و کۆپتیەرە نیزامییەکانیش بە ئاسمانی بانەدا دەسوورانەوە، هەروەها بەشێک لە بەرپرسانی شار فەرماندار، شاری بانەیان بەجێ هێشتبوو. وەک دەگوترێ بە هۆی سەرکوتی خەڵکەکە ژمارەیەک خۆپیشاندەر بریندار بوون و دەیان کەسیش لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە گیراون.
بەپێی ئاماری ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرەتای هاوینەوە تا ئێستا لانیکەم ۴۲ کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان کوژراون و بریندار بوون.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *