چاونیوز: لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی شاری ئاودانان، چوار هاووڵاتیی دیکەی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.
بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، ڕۆژی هەینی ٢٩ی خەزەڵوەر، حەیدەر مەلایی، خەڵکی موورموور و سەر بە شاری ئاودانان، دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕەوانە کراوە.
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر، مەیسەم نەزەری، کارمەندی نەخۆشخانە، لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
لە هەمان چوارچێوەدا، ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر، شەهرام جاویدانە و پەیمان کەریمزادە، خەڵکی هەمان شار، دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕەوانە کراون.
ئەم دەسبەسەرکردنانە لە پێوەندیی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی شاری ئاوداناندا کە دوای وەرگەڕانی پاسی کرێکارانی کۆمپانیای گاز دەستیان پێ کردووە.
هەتا ئێستە هیچ زانیارییەکی ڕوون و پشتڕاستکراو لەبارەی شوێنی ڕاگرتن، دۆخی تەندروستی و بارودۆخی یاسایی ئەم هاووڵاتییانە لە بەر دەستدا نییە و ئەم دۆخە نیگەرانییەکان لە بارەی دۆخی تەندروستییان زیاتر دەکات.





