۱ی خەزەڵوەری ساڵی ۱۴۰۰ ھەتاوی
آموزش وردپرس

هۆکارەکانی سەرهەڵدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان/ شاروخ حەسەن زادە

بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بریتین لە ڕێکخراوێکی بەتەواو تۆکمە و دیاریکراو، کە بە مەبەستی داکۆکی یان پەرەپێدان یان دەستڕاگەیشتن بە ئامانجێکی تایبەت ئەندامانی ڕێک دەخا. ئەوەی کە بەشێوەیەکی بنەڕەتی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی دیاری دەکا، داواکار بوون و بانگەشەکەربوونیەتی کە هەوڵی ناساندن و سەرخستنی ئایدیا و قازانج و بایەخەکان دەدا. لەم پێناوەشدا بەردەوام لە هەوڵی زیاترکردنی ئەندامان و تێکۆشان بۆ ڕاکێشانی سەرنجی جەماوەر، هەروەها بژاردەکانی کۆمەڵگەدایە. ئامانجی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان جۆربەجۆرن، لە گۆڕین یان ڕووخانی سیستەمەکان هەتا قەدەغەی ئێعدام، یان چەکە ئەتۆمییەکان و بەفەرمی ناسینی مافە یاسایی و سیاسییەکانی ژنان، ئەتنیکە جۆراوجۆرەکان، ژینگە و… . ئەو کەرەسانەش کە لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا کەڵکیان لێ وەردەگیرێ جیاوازن، بەجۆرێک کە لە پڕۆپاگەندەی سادەوە بگرە هەتا توندوتیژی لەخۆ دەگرن. بەهەرحاڵ بەدووور لە ئامانجەکان و کەرەسە بەکارهاتووەکان، پێواژۆ کۆمەڵایەتییەکان هەمووکات وەک بنەمایەکی هزری نوێ پێناسەی بۆ دەکرێ.

نیل سمێڵسێر (Neil Smelser) و بەتایبەتی ئالین تۆرین، کۆمەڵناسی هاوچەرخی فەرانسەیی خوێندنەوەیەکی قوڵیان بۆ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کردووە. تۆرین لە خوێندنەوەی خۆیدا بۆ ڕاڤەکردنی کردەوەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان هەروەها پێک‌هێنانی ئەوان، بۆچوونێکی نوێ باس دەکا کە ناوی ڕاڤەی “ئاکسیۆنالیستی” لەسەر داناوە. ئەم زاراوەیە (ئاکسیوناسیون) بە ڕوانینی کۆمەڵناسانە باس لە گۆڕانکارییە مەزنەکانی نێو کۆمەڵگە دەکا، تێرمی ئاکسیونالیزم قۆناغی چالاکی، ناڕەزایەتی و میتینگەکان تێدەپەڕێنێ و وەک کارێکتێر یان ئەکتەرە کۆمەڵایەتییە چالاکەکان دەتوانێ دەست بە گۆڕانی مەزن بکا. ئەم جووڵانەوەیە جیا لە بزووتنەوەی چینایەتی دەتوانێ گشتگیر بێ و تەنانەت لەسەر پرسی جووڵانەوەی ناسیۆنالیستیش کاریگەریی دەبێ. ئەم ڕاڤەیە پشت ئەستوورە بە ناسین و چۆنیەتیی سەرهەڵدانی بایەخ و هۆکارەکان هەروەها چۆنیەتیی کاریگەرییان لە پێکهاتنی کردەوەی جڤاکیی کۆمەڵگەکەن. تۆرین بە هێنائارای ئەم زاراوەیە، ئەم بابەتەش بیر دەخاتەوە کە ئەو هەوڵ نادا بەربەرەکانی دەگەڵ ڕێبازە هاوشێوەکاندا بکا و نایهەوێ کە ڕاڤەی ئاکسیۆنالیستیی خۆی لە بەرامبەر لێکدانەوەی کارکردگەرایانە و پێکهاتەگەرایی دابنێ، چوونکە شێوازی خوێندنەوەی هەرکام لەم ڕێبازانە جیاوازە. ئەگەر لە Functionalism (کارکردگەرایی) و structuralism (پێکهاتەگەرایی)، زانیارییە پێوەندیدار بە بەها ئاراییەکان خوێندنەوەیان بۆ دەکرێ، ئاکسیۆنالیست بە چاوگە و بنەڕەت و سەرچاوەی ئەم بەهایانەوە خەریکە. بەم پێیە تۆرین لە ڕاڤەی ئاکسیۆنالیستی‌دا بۆ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، گرنگییەکی بەرچاو و تایبەت دادەنێ بەشێوەیەک کە ئەم بزووتنەوانە وەک پێگەیەک تێ‌دەگا، کە دەبنە هۆی ئافراندن و پاساودانی بایەخە نوێیەکان و بەم پێیە بزووتنەوەکان لە لێکدانەوەی کارکردی مێژوویی و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیدا بابەتی سەرەکی و ناوەندی ئەم خوێندنەوانە پێک دێن و لەبنەڕەتدا لەم بزووتنەوانە و بەهۆی ئەم جووڵانەوەیە کە ئەکتەرانی داهێنەر، کردەوەی خۆیان ڕێک دەخەن و بە گۆڕین و خستنە ژێر باندۆڕی ڕەوتی مێژووی کۆمەڵگەی خۆیان هەوڵ دەدەن.(١)

بە بەراورد دەگەڵ کۆمەڵگە نەریتییەکاندا جۆربەجۆریی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا یەکجار زۆرە و ئەم جۆراوجۆرییەی بزووتنەوەکان لە کۆمەڵگەکاندا، پێوەندی بە ژمارەی بژاردەکانەوە هەیە. لە کۆمەڵگە کەونارەکاندا بزووتنەوە کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان کەم و زۆر بوونیان نەبووە یان دەگمەن بوون، لەکاتێکدا لە کۆمەڵگە وەرزێڕییەکان‌دا زیاتر دەبینرێن، کە لە ڕاستیدا لە ڕاپەڕین و سەرهەڵدانە جووتیارییەکانەوە سەرچاوە دەگرن؛ بەڵام لەم جۆرە کۆمەڵگەیانەشدا ئەم بزووتنەوانە کورت‌خایەن و زووتێپەڕن، بەتایبەت بەم هۆیەوە کە ئەم بزووتنەوانە بە پێچەوانەی کۆمەڵگە شارییەکان، بە بەشێکی بەردەوام لە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە جوتیارییەکان ناژمێردرێن.

لە بزووتنەوە کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا دەتوانن ئەم سێ کردەوەیەی بەرەوە ببینن:

١. کرداری پێوەندیدەر یان نێوبژێوان.

٢. کرداری پێکهێنان و بردنە سەرەوەی زانیاریی کۆمەڵ.

٣. کرداری پێکهێنانی گوشار.(٢)

بەجۆرێکی تر دەتوانین بڵێین: ئەم شێوە بزووتنەوەیە ڕایەڵەیەکە لە پێوەندییە نافەرمییەکان لەنێوان هەنێ لە مرۆڤەکان، ڕێکخراو و حیزبەکانە. سنوورەکانی بەهۆی هەوێتیی تایبەت دیاری دەکرێن کە هاوپشکە دەگەڵ ئەکتەرانی تێک‌گیراو لە کایەکە و لە بەرەوڕوو بوونەوەی سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی بە مەبەستی گۆڕانخوازیدا هاوبەشن. ئەم ڕەوتە لە ئاکام پەیابوونی قەڵشتێکی کۆمەڵایەتی ساز دەبێ، هۆکاری ڕابوون و هەستانەوەی خەڵک دەبێ لە ڕوانگەی مێژوویی و جوغرافی سەیر بکرێ، جا هەر بەو جۆراوجۆری و شێوازە دەتوانین کەلێنە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر دوو لکی چالاک و ناچالاک دابەش بکەین، دابڕانی کۆمەڵایەتی (بۆ قۆناخی چالاک) کاتێ سەر هەڵدەدا کە فام و زانیاریی سیاسی بەرز ببێتەوە. لەبەرامبەردا (ناچالاک)، یان لە ڕابردوودا چالاک بووە و ئێستا خەریکە دەخەوێ کە ئەمە لە ئاکامی نەقۆستنەوەی ڕەوتی سەرکردایەتی، چالاکان و ڕووناکبیرانی سیاسییە.

بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەکەونەی خانەی ئەو دیاردە کۆمەڵایەتییە پڕکاریگەرییانەی جیهانی پێشکەوتوو، کە کۆمەڵناسان بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان وەک هۆکارێکی گەلێک گرنگ بۆ گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵایەتی دەژمێردرێ (وەک پێشو باسمان کرد)، کە ئەمە لای توێژەرانی کۆمەڵناسی بایەخێکی زۆری هەیە. دەتوانین بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بەپێی بیروبۆچوون، شێوازی کاریگەری، ڕادە و ئاستی بەشداربووان، پاڵپشتیی چینایەتی و سەردەمە مێژووییەکان پۆلێنبەندی بکەین.

بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆتاییەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدە هاتە مەیدانی چالاکییە گشتگیرەکان، سامانداری پیشەیی و چەوساندنەوەی هێزی کار، هیوای چینی ژێرەوەی کۆمەڵگەی ورووژاند، لە ڕەوشێکی وەهادا بوو کە بزووتنەوە کرێکارییەکان سەریان هەڵدا، دواتر جووڵانەوەی ئەتنیکی و ئایینی بە ئامانج و شێوازی جۆربەجۆر دەستیان بە چالاکی و خۆنواندن کرد.

لە پانتایی زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کۆمەڵێک پێناسەیان هەیە. لە سەرجەم ئەو پێناسانەی کە لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کراوە، دەکرێ ماکەی هاوبەشی لێ هەڵێنجین، ئەو ماکانە بریتین لە:

گروپێکی ڕێکخراو لە چالاکانی کاریگەر، بوونی ئایدیاییەکی تایبەت، هەوڵدان بۆ گۆڕانکاری یان پاراستنی بەشێک لە ماکەی کۆمەڵگە. بەو پێیە، دەکرێ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بەم جۆرە پێناسە بکەین: گروپێک لە چالاکانی کاریگەر، تەواو ڕێکخراو کە بە هاوکاری و یارمەتیی شێوازی جۆراوجۆری گشتگیر بە دوای ئامانجێکەوەن یان کاریگەری لەسەر ڕەوتی کۆمەڵگە دادەنێن.(٣)

کەوابوو دەبینین بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ڕێک وەک گڕکانێکن بە هۆکارگەلی باسکراو سەرهەڵدەدەن و دەتەقنەوە و بەردەوام چالاکن هەتا بە ئارەزووی خۆیان دەگەن؛ یا نائەکتیڤن و جاربه‌جارە بە هۆکاری جیاواز دەڕژێنە شەقام و کوڵی دڵی خۆیان هەڵدەڕێژن. بە جۆرێکی تر ئەگە ئاکامی کردەوەکە بۆ کۆمەڵگە بایەخمەند بێ و شتێکی لێ هەڵبکڕێنن شیمانه‌ دەکرێ دووپات ببێتەوە. ئەم ڕەوتە لەلایەن پلانداڕێژەران و لیده‌ره‌کانییه‌وه‌ دەبێ بەباشی خوێندنەوەی بۆ بکرێ و “پۆزیتڤ”یزمانە بەردەوام ئەزموون بکرێ و “هابێرماس”انە کەرەسە و مکانیزمی بۆ دابین بکرێ.

هۆکارەکانی سەرهەڵدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان

هۆکاری سەرهەڵدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان جۆراوجۆرن، بەڵام به‌ ڕوانگه‌ی “نیل سمێلسێر” خاوەنی شەش مەرجن:

١. بەستێنی پێکهێنان: هۆکارگەلی جۆراوجۆر بۆ پێکهاتنی کەشێکی تایبەت لەنێو کۆمەڵگە.

٢. زەختی پێکهێنان: دۆخێکی تایبەت کە دەبێتە هۆی ئاڵۆزی لەنێو کۆمەڵگە (مەترسی لە داهاتوو، گومان، ترس و دڵەڕاوکە و زوڵم و..) بۆ دیاریکردنی ئامانجێکی دیاریکراو.

٣. بڵاوبوونەوەی باوەڕە پەنگ‌خواردووەکان: زۆربەی پێواژۆ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان لەژێر کاریگەریی ئیدۆلۆژییەکی تایبەت و دیاریکراون کە ناڕەزایەتییەکان پەرە پێ دەدا و ڕێکاریان بۆ دیاری دەکا.

٤. هۆکاری خێراکردن: ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی خێراترکردن و پەیوەست‌بوونی هەرچی زۆرتری کۆمەڵانی خەڵک کە ڕاستەوخۆ بەشداری ڕەوتەکە بن.

٥. بوونی (ڕێکخراوێک) بۆ هاوئاهەنگی: سەرۆکایەتی‌کردن و پشتیوانی‌کردنی بزووتنەوەکە بە کەرەسە و ئامێری جۆراوجۆر.

٦. کارکردی کۆنترۆلی کۆمەڵایەتی: بەدەستەوەگرتنی دۆخەکە (چۆنیەتیی سەرهەڵدان، بەرەوپێشچوون و بڵاوبوونەوەی لەنێو سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، بەتوندی لەژێر کاریگەریی کارکردی کۆنترۆڵ‌کردنی کۆمەڵایەتییە. کاربەدەستان لەوەها دۆخێکدا هەڵوێست نیشان دەدەن(٤).

***

سەرچاوەکان:

١) گی ڕوشە (تغییرات اجتماعی) منصور وثوقی انتشارات نی تهران صص ١٢٩،١٣٥ چاپ نوزدهم

٢) حمزە، محمدی، گۆڤاری زرێبار سال دهم ژمارە ٦٠ ساڵی ١٣٨٥

٣) حمزە محمدی، درآمدی بر جنبشهای اجتماعی، گۆڤاری زرێبار ژمارە ٦٠

٤) گیدنز، آنتونی، جامعه شناسی، ترجمه منوچهر صبوری، تهران: نشر نی، چاپ بیست و هفتم ۱۳۹۱

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *