سەر لە بەیانی ڕۆژی هەینی ٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە بە ناوی”ئیبراهیم پیرانزاد” بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەتی گیانی لە دەست دا و کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی “شاهۆ کانی سێوی” بە سەختی بریندار بوو.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو “چاونیوز”، “ئیبراهیم پیرانزاد” تەمەن ٣٢ ساڵ خەڵکی گوندی بێلوێ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ سەر ئوتۆمبیلەکەی لە ڕێگای سنووری (سارداو)ی، سەر بە شاری بانە، دەستبەجێ گیانی لە دەستدا و کەسێکیتر لە ناو ئوتۆمبیلەکەدا بە سەختی بریندار بوو کە باری تەندروستی ناجێگیرە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار تەرمی ئیبراهیم پیرانزاد، بۆ نەخۆشخانەی “سەلاحەدین ئەیووبی” لە بانە گواستراوەتەوە و تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە و ئەو کۆلبەرەی دیکەش لە نەخۆشخانە لەژێر چاوەدێری پزیشکی دایە.
شایانی باسە ئەو دوو هاووڵاتییە، لە کاتێکدا کە هیچ بارێکیان پێ نەبووە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، لەلایەن ئەو هێزانەوە کراونە ئامانج.





