پڕۆفایلی لاوێن کەریمی، کچە زیندانیی سیاسیی کورد
لاوێن کەریمی، کچە خوێندکارێکی کوردی خەڵکی شاری سەقزە کە ٢٤ی گەلاوێژی ١٣٩٤ لە لایەن ناوەندە ئەمنیتیەکانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لە گەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەستبەسەر کرا و لە لایەن دادگاوە حوکمی پێنج ساڵ و شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپا و دواتر لەسەر ناڕەزایەتی دەربڕینی پارێزەرەکەی، لە دادگای پێداچوونەوە حوکمەکەی بۆ ٣ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی “هەمەدان” کەم کرایەوە.
لاوێن کەریمی رێکەوتی ٢٤ی گەلاوێژی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکان هێرش کرایە سەر ماڵی باوکی و دوای پشکنین و هەڕەشە لە بنەماڵەکەی دەست بە سەر کۆمەڵێک لە کەلوپەلە شەخسیەکانی داگیرا و ناوبراویش بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی شاری سەقز گواسترایەوە و ماوەی ٤٥ ڕۆژ لە ژێر گوشار و ئەزیەت و ئازاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان دابوو.
هەر لەم پەیوەندەدا، دادوەری دۆسییەی ئەم خوێندکارە کوردە پێی ڕاگەیاندبوو: تا یەک ساڵ مافی چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەیی نییە.
ئەم خوێندکارە کوردە پاش گواستنەوەی بۆ زیندانی هەمەدان و دوای تەحەموولی ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر، تووشی نەخۆشیی “گەدە” هات و دۆخی تەندروستی کەوتە مەترسییەوە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پزیشکانی زیندانی هەمەدان ڕایانگەیاندووە کە ناوبراو دەبێت لە زووترین کاتدا بۆ نەخۆشخانە بگوازرێتەوە، بەڵام یەکێک لە بەرپرسانی ئەم زیندانە بە ناوی “ڕەجەبی” بە لاوێنی ڕاگەیاندبوو کە ئێدارەی ئیتڵاعات ڕێگری دەکا لە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە .