ناوه‌ندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان

“چاونیوز” ماڵپه‌ڕی “ناوه‌ندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان”ه‌. ناوه‌ندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، دامه‌زراوه‌یه‌کی تایبه‌ت به‌ چالاکی له‌ به‌ستێنی مافی مرۆڤه‌ که‌ له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵێک چالاکی سیاسی و چالاکانی بواری مافه‌کانی مرۆڤ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌برێ.

بنه‌مای کاریی ناوه‌ندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان جاڕنامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤه‌. ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ به‌ سه‌رنجدان به‌ پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران هەوڵ دەدا تریبوونی لەقاودانی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان و هەروەها سەکۆی فێرکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ و پەرەپێدانی کلتووری مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ. ئامانجمان هەوڵدان بۆ چەسپاندنی هەموو مافە مرۆییەکان و ئازادییەکانی تاک و کۆمەڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەپێی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ و هەروەها کۆنڤانسیۆن و پەیماننامە جیهانییەکانی دیکەی پەسندکراو لەو بوارەدایە.

بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری، هەڵوێست لە بەرامبەر ڕووداوەکان، دانەوەی ڕاپۆرت بە ناوەندە جیهانییەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ و ئۆڕگانە نێونەتەوەییەکان، بڵاوکردنەوەی وتار، وتووێژ و ئامادەکردنی ڕاپۆرت لە پێوەندی لەگەڵ بارودۆخی چالاکان و زیندانیانی سیاسی و مەدەنی، منداڵان، ژنان، کرێکاران و هتد بەشێکی دیکە لە چالاکی و پڕۆژە کارییەکانی ئێمە پێکدێنن.

پێداگری لە سەر مافی دیاریکردنی چارەنووس، مافە مەدەنی و سیاسییەکان، مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کلتورییەکان، مافی هەبوونی ژینگە و ژیانی شیاوی کەڕامەتی ئینسانی پڕەنسیپی فیکری و چوارچیوەی بەرنامە کارییەکانی ئێمەن و هەوڵدان بۆ فێرکردن و پەرەپێدانی چەمکەکانی مافی مرۆڤ و ئازادییەکان، بەهێزکردنی ڕوحی هاوپێوەندی لە کۆمەڵ بەشێک لەو ئامانجانەن کە بۆیان تێدەکۆشین. لە ڕوانگەی “چاونیوز”ەوە هەموو نەتەوەکانی پێکهاتەی ئێران مافی نەتەوەیی، زمانی و کلتووریی خۆیان هەیە و پێویستە ئەو مافانەیان بە ڕەسمی بناسرێن و بەبێ جیاوازیدانان لە کایەی سیاسی و بەڕێوەبەریی وڵات‌‌دا هاوبەش و بەشدار بکرێن.

هەر بۆیە بۆ سڕینەوەی هەر چەشنە نابەرامبەری و هەڵاواردنێک لە سەر ئەو بنەمایانە تێدەکۆشێ و ئازادیی بیرکردنەوە، ڕادەربڕین، هەڵبژاردنی ئایین و ئایینزا، پێکهێنانی کۆڕ و کۆبوونەوە و دروستکردنی ڕێکخراوی سیاسی و مەدەنی بە مافی بێ ئەملاو و ئەولای تاک و پێکهاتەکانی کۆمەڵگای ئێران دەزانێ. چاونیوز دژی سزای ئێعدام و ئەشکەنجە و سزا نامرۆییەکانی وەک بەردەباران و نقوستانکردنی تاوانبارانە و هەوڵ بۆ سڕینەوەی نایەکسانیی نێوان ژنان و پیاوان و هەموو جۆرە دەرکەوتەیەکی جیاوازیدانان دەدا. ئێمە تێدەکۆشین کە دەنگ و تریبوونی مافخوازیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەکۆی خستنەڕووی داواکانیان و، لەقاودەری پێشێلکردنی مافەکانیان بین.

 

 

Add New Playlist