۱۱ی گەلاوێژی ساڵی ۱۴۰۰ ھەتاوی
آموزش وردپرس

سزاکانی یەکیەتیی ئورووپا لەدژی ئێران لە بواری مافی مرۆڤ درێژ کرانەوە

یەکیەتیی ئورووپا لە ڕاگەیەندراوێک‌دا ئاشکرای کرد کە سزاو گەمارۆکانی سەر ئێران لە بواری مافی مرۆڤ‌یان بۆ ساڵێکی دی درێژ کردۆتەوە.

بەپێی ئەو بڕیارەی یەکیەتیی ئورووپا دارایی‌و سامانی ۸۲ کاربەدەست‌و دامەزراوەی ئێرانیی تاوانبار بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە لە خاکی ئورووپادا دەستیان بەسەردا دەگیرێ‌‌و ئەو کەسانە ماف‌و ئیزنی سەفەر بۆ هیچ کام لە وڵاتانی ئەندام لە یەکیەتیی ئورووپایان نادرێتێ.

سزاو گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا ڕێگری لە هەناردەی ئەو تێکنۆلۆژی‌و کەرستانەشی بۆ ئێران گرتۆتەوە کە دەتوانن بە مەبەستی سانسۆڕ‌و چاوەدێریی پێوەندییەکان‌دا کەلکیان لێ‌وەربگیردرێ.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لەو پێوەندییەدا دەڵێ دوای هاتنەسەرکاری دۆناڵد تڕامپ لە ئەمریکا هەوڵەکانی یەکیەتیی ئورووپا بۆ بەهێزکردنەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ ئێران تووشی ئاستەنگی زیاتر بووە، چونکی تڕامپ هەڵوێستی توندو تیژتر لەسەر ئێران دەنوێنێ.

بڕیاری یەکیەتیی ئورووپا بۆ سزادانی ۸۲ کاربەدەستی ئێران بە تاوانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران یەکەم‌جار لە ساڵی ۲۰۱۱ درا و لەو کاتەوە هەموو ساڵێ لەگەڵ نوێ کراوەتەوە.

محەمەدعەلی جەعفەری، فەرماندەی سپای پاسداران؛ حەسەن فیروزئابادی، سەرۆکی پێشووی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی؛ عەلی سەعیدی، نوێنەری خامنەیی لە سپای پاسداران، حوسێن تائیب، سەرۆکی حیفازەتی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، محەممەدرەزا نەقدی، فەرماندی پێشووی بەسیج؛ ئیسماعیل ئەحمەدی مقەدەم، فەرماندهی پێشوو هێزە ئینتیزامییەکان؛ سادق لاریجانی، سەرۆکی دەزگای قەزایی؛ غولامحسێن موحسنی ئێژه‌یی، جێگری یەکەمی سەرۆکی دەزگای قەزایی؛ سەعید موڕتەزەوەی، داواکاری گشتیی پێشووی تاران و کۆمەڵێک دادوەری دادگای شۆڕش ناوی چەند کەسێکن کە لەو لیستەیەدا بەرچاو دەکەون.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *