لانیکەم 20 کەس لە کوردستان لە ڕەوتی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون. خۆپیشاندانەکان لە کوردستان لە شارەکانی مەریوان، جوانڕۆ، بۆکان و کرماشان کوژراوی و برینداری زۆر لێ کەوتەوە.
پاش پەرەسەندنی ناڕەزایەتی لە شارەکانی کوردستان، ڕێژیم حکوومەتی نیزامی ڕاگەیاندوە و هەموو هێڵەکانی پێوەندی و ئێنتێرنێتی پچڕاندوە، هەروەها هێزە چەکدارەکان لە گۆڕەپان و شوێنە گشتییەکانی شارەکانی کوردستاندا جێگیر کراون و بە وردی هاتوچۆ و جموجۆڵی خەڵکیان خستووەتە ژێر چاودێرییەوە.
لەلایەکی دیکەوە بەشێکی زۆر لە بریندارانی خۆپیشاندانەکان لە ترسی دەسبەسەرکران لە چوونە نەخۆشخانە خۆیان بواردوە و لە ماڵاندا چارەسەر دەکرێن، بەوەش مەترسیی گیانی لەسەر هیندێک لەوان جیدییە.
بەپێی بینینی شایەتحاڵەکان لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان لانیکەم 20 کەس کوژراون و تا ئێستا ناونیشانی 15 کەس لەوان پشتڕاست کراوەتەوە؛ بەڵام بەهۆی پچڕانی ئینتێرنێت و کەشی ئەمنیەتیی زاڵکراو بە سەر کوردستان و سانسۆڕی توندی کاربەدەستان، ئامارێکی ورد و دروست لە ژمارەی شەهید و برینداربووەکان لەبەر دەستدا نییە.