ئاره‌زوو نستانی
پێشمه‌رگه وه‌ک کاراکته‌ری سه‌ره‌کیی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی کورد بۆته هێما و ڕه‌مزی هه‌رمانی نه‌ته‌وه‌ی کورد و ده‌ورێکی گرینگ و بنه‌ڕه‌تی له گه‌شه‌ی ڕه‌وتی ناسیۆنالیزم و نه‌ته‌وه‌سازیدا هه‌یه. به‌ستنه‌وه‌ی ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌یی به پێشمه‌رگه‌وه بۆته به‌شێک له کولتووری کۆمه‌ڵگەی کورده‌واری، هه‌ر له به‌ر ئه‌وه‌شه ناوی پێشمه‌رگه له نێو گه‌لی کورددا شکۆ و پیرۆزییه‌کی تایبه‌تی هه‌یه.
له‌و وتاره‌دا هه‌وڵ دراوە پێشمه‌رگه له کۆنتێکستێکی فراوانتردا و له به‌ستێنێکی بان کوردی و جیهانیدا بگونجێ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رچاومان ڕوون بێ له‌وه‌ی ڕه‌واییه‌تی خه‌باتی پێشمه‌رگه به تایبه‌ت له ڕووی چه‌کدارییه‌وه له کوێوه سه‌رچاوه ده‌گرێ و ئایا ده‌کرێ پێشمه‌رگه له چوارچێوه‌یه‌کی یاساییدا که‌نارێکی ئه‌منی بۆ بدۆزرێته‌وه تا بتوانێ له به‌رامبه‌ر پڕوپاگه‌نده‌ی نه‌یاران و دوژمنانی‌دا خۆی بپارێزێ که به‌رده‌وام وه‌ک هێزێکی یاغی و تیرۆریست و تێکده‌ری ئه‌منیه‌تی میللی ده‌یناسێنن. ئه‌گه‌ر بمانهه‌وێ ڕوونتر بدوێین ئایا کۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی ڕوانینێکی حوقووقی و به‌رگێکی یاسایی بۆ پێگه‌ی پێشمه‌رگه (وه‌ک هێزێکی چه‌کداری نه‌ته‌وه‌یه‌کی داگیرکراو که هه‌وڵی وه‌دیهێنانی ڕزگاریی ده‌دا) پێناسه کردووه؟
بۆ وڵامدانه‌وه به‌و پرسیار و ئه‌گه‌رانه پێویسته به وردی بچینه نێو ده‌قی به‌ڵگه‌نامه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و پێشمه‌رگه بخه‌ینه قالبێکی یاسایی که مافی پارێزراوی نێوده‌وڵه‌تیی بۆ درووست ببێ.
به‌ر له‌وه‌ی بچینه نێو باسه‌که‌وه پێویسته ئاماژه به‌وه بکرێ که یاسای نێوده‌وڵه‌تی که بریتییه له کۆمه‌ڵه ڕێسا و پڕه‌نسیپێکی به‌هادار، ده‌بێت له‌لایه‌ن لایه‌نه‌کانی ئه‌و یاسایه که به زۆری ده‌وڵه‌تانن، جێبه‌جێ بکرێ و ئه‌گه‌ر پێشێل بکرێن ده‌وڵه‌ت به‌ره‌وڕووی به‌رپرسیاره‌تیی نێوده‌وڵه‌تی ده‌بێته‌وه. هه‌روه‌ها پێویسته بگوترێ ئه‌وه‌ی لێره‌دا باس ده‌کرێ قسه‌یه له سه‌ر هه‌ڵوێستی یاسا نه‌ک جێبه‌جێکردنه‌که‌ی. له به‌ر ئه‌وه‌ی زۆرجار ده‌وڵه‌تان پابه‌ند نابن به‌و پڕهنسیپانهوه و ڕووبه‌ڕووی تێچوویه‌کی وه‌هاش نابنه‌وه که ناچاریان بکا ملی بۆ ڕاکێشن. ئه‌وه خۆی یه‌کێکه له ئاریشه‌کانی سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تی و به هه‌مان شێوه قانوونی نێوده‌وڵه‌تییه. تێبینییه‌کی دیکه‌ش به پێویست ده‌زانم؛ ئێمه‌ی کورد خاوه‌نی ئه‌و هێزه نین هاوکێشه‌کان له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆماندا بگۆڕین و ئه‌وا پشتبه‌ستن به بنه‌ما یاساییه‌کان ده‌توانێ کاریگه‌رییه‌کی باشی هه‌بێ له سه‌ر به‌ره‌وپێش بردنی پرسی نه‌ته‌وه‌ییمان.
جه‌نگاوه‌ر بوونی پێشمه‌رگه پێشمه‌رجی پارێزراوی نێوده‌وڵه‌تی
به پێی پڕه‌نسیپه‌کانی یاسای نێوده‌وڵه‌تی کاتێک هێزێکی چه‌کدار سیفه‌تی جه‌نگاوه‌ر وه‌رده‌گرێ، پارێزراوییه‌کی یاسایی بۆ دروست ده‌بێ و ده‌بێته خاوه‌نی کۆمه‌ڵێک ماف. واته کاتێک جه‌نگاوه‌ر بریندار ده‌بێ یان به دیل ده‌گیرێ یان چه‌ک داده‌نێ، ئه‌وا ده‌بێ به پشتبه‌ستن به‌و پڕه‌نسیپانه ڕه‌فتاری له‌گه‌ڵ بکرێ نه‌ک به پێی یاسای نێوخۆیی وڵاتان.
یاسای نێوده‌وڵه‌تیی مرۆیی وه‌ک لقێکی یاسای نێوده‌وڵه‌تی، جه‌نگ به سه‌ر دوو جۆردا دابه‌ش ده‌کا:
ــ جه‌نگی نێوخۆیی؛ واته ئه‌و جه‌نگه‌ی له نێوان هێزه‌کانی سه‌ر به ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ گرووپێکی چه‌کدار له ناو سنووری وڵات‌دا ڕوو ده‌دا.
ــ جه‌نگی نێوده‌وڵه‌تی؛ ئه‌و جه‌نگه‌یه که له نێوان دوو یان زیاتر له دوو ده‌وڵه‌تدا ڕوو ده‌دا.
له سه‌ره‌تادا ته‌نیا جه‌نگی نێوده‌وڵه‌تی بابه‌تی یاسای نێوده‌وڵه‌تی مرۆیی بووه، واته ته‌نیا شه‌ڕکه‌رانی شه‌ڕه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان سیفه‌تی جه‌نگاوه‌ریان پێ به‌خشراوه و له‌و مافانه سوودمه‌ند بوون که له ده‌قی ڕێککه‌وتننامه‌کاندا هاتوون. له هه‌ر چوار ڕێککه‌وتننامه‌ی ژنێڤی ساڵی ١٩٤٩ کاتێک باس له بریندار و نه‌خۆش و دیلی جه‌نگ و مافه‌کانیان ده‌کرێ و پاراستنی یاساییان بۆ پێناسه ده‌کرێ، مه‌به‌ست ته‌نیا پاراستنی جه‌نگاوه‌ره له شه‌ڕی نێوده‌وڵه‌تیدا و ئاماژه‌یه‌کی ئه‌وتۆ به شه‌ڕی نێوخۆیی ناکرێ، ته‌نیا له ماده‌ی سێهه‌می هه‌ر چوار ڕێککه‌وتننامه‌که‌دا نه‌بێ که ده‌وڵه‌ت به شێوه‌یه‌کی سنووردار به‌ره‌وڕووی هیندێک ئه‌رک به‌رامبه‌ر شه‌ڕکه‌ران ده‌کرێته‌وه. ئه‌و دۆخه له بێده‌نگی به‌رامبه‌ر شه‌ڕکه‌رانی شه‌ڕی نێوخۆیی به‌رده‌وام بوو تا ئه‌وه‌ی له ساڵی 1977دا پڕۆتۆکۆلی دووه‌می ژنێف به‌سترا، که تێیدا ئاماژه به‌وه کراوه که کاتێک بزووتنه‌وه‌یه‌کی ڕزگاریخواز به مه‌به‌ستی ده‌سته‌به‌رکردنی مافی چاره‌ی خۆنووسین ده‌ست بۆ چه‌ک ده‌با و ده‌که‌وێته جه‌نگ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی داگیرکاری ناوه‌ندی، پارێزراوی ده‌درێته جه‌نگاوه‌رانی.
یەکەم؛ پارێزراوی پێشمه‌رگه، ئه‌گه‌ر جه‌نگه‌که به نێوده‌وڵه‌تی ئه‌ژمار بکرێ
ئه‌گه‌ر جه‌نگی نێوان هێزی پێشمه‌رگه و هێزی ده‌وڵه‌ته ناوه‌ندییه‌کان به جه‌نگێکی نێوده‌وڵه‌تی دابنرێ کۆمه‌ڵه پڕه‌نسیپ و بڕیارێک بۆ پاراستنی پێشمه‌رگه سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، به پێی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ک که باسیان ده‌که‌ین:
أ. بڕیاره‌کانی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان
بڕیاری ژمـاره ٣١٠٣ی کۆڕی گشتیی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان که له ساڵی ١٩٧٣ ده‌رچووه له‌ژێر ناوی “پڕه‌نسیپی بنچینه‌یی بۆ دانپێدانان به جه‌نگاوه‌رانی دژ به کۆلۆنیالی و داگیرکاریی بێگانه و جیاکاریی ڕه‌گه‌زی”. به پێی ده‌قی ئه‌و بڕیاره ململانێی چه‌کداریی گه‌لان دژی داگیرکاری و جیاکاریی ڕه‌گه‌زی به جه‌نگی نێوده‌وڵه‌تی داده‌نرێ و پڕه‌نسیپه‌کانی هاتوو له ڕێککه‌وتننامه‌کانی ژنێفی ١٩٤٩ جێبه‌جێ ده‌کرێن که تایبه‌تن به شه‌ڕه ڕزگاریخوازه‌کان.
لێره‌دا ده‌توانین ململانێی چه‌کداریی پێشمه‌رگه هه‌م وه‌ک ململانێ دژی کۆلۆنیالیزم و هه‌م له چوارچێوه‌ی جه‌نگ دژی ڕه‌گه‌زپه‌رستیدا جێ بکه‌ینه‌وه، که له هه‌ر دوو حاڵه‌تدا پێشمه‌رگه پارێزگاریی یاسایی هه‌یه.
ب. ڕێککه‌وتننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان
ڕێككه‌وتننامه‌ی سێهه‌می ژنێفی ساڵی ١٩٤٩: ئه‌م ڕێككه‌وتننامه‌یه تایبه‌ته به باسكردن له بارودۆخی دیلی جه‌نگ كاتێك ده‌كه‌ونه ژێر ده‌ستی دوژمنه‌كانیان.
ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌یه ده‌توانرێ له سه‌ر پێشمه‌رگه جێبه‌جێ بكرێ، له به‌رئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه خاوه‌نی هه‌موو ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌یه كه پێویسته له جه‌نگاوه‌ردا هه‌بێ كه له‌و ڕێككه‌وتننامه‌یه‌دا هاتووه.
له ماده‌ی (٤) ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌یه‌دا ده‌ڵێ: ئه‌و كه‌سانه‌ی خواره‌وه به جه‌نگاوه‌ر داده‌نرێن كه له كاتی ده‌ستگیركردنیان ده‌بن به دیلی جه‌نگ و ده‌بێ به پێی پڕهنسیپهكانی ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌یه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێ:
1ــ تاكه‌كانی هێزه چه‌كداره‌كانی یه‌كێك له لایه‌نه شه‌ڕكه‌ره‌كان، یه‌كه خۆبه‌خشه‌كان، هه‌روه‌ها شه‌ڕکه‌رانی بزووتنه‌وه ڕزگاریخوازهكان به مه‌رجێك ئه‌و سیفه‌تانه‌یان تێدا بێ:
ــ له ژێر به‌رپرسیاریه‌تی و ڕێبه‌رایه‌تییه‌كی دیاریكراودا بن.
ــ هێمایه‌كی دیاریكراویان هه‌بێت كه پێی بناسرێنه‌وه.
ــ چه‌ك هه‌ڵگرتنیان به‌ئاشكرا بێ.
ــ پابه‌ند بن به یاسا و عورفی جه‌نگ.
2ــ دانیشتوانی ئه‌و شوێنانه‌ی كه چه‌ك هه‌ڵده‌گرن له كاتی نزیك بوونه‌وه‌ی دوژمن، به‌ڵام كاتی ته‌واویان نه‌بێ بۆ خۆڕێكخستن، وه‌ك جه‌نگاوه‌ر پێناسه ده‌كرێن و له كاتی ده‌ستگیركردنیان ده‌بێ وه‌ك دیلی جه‌نگ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێ.
ج. پڕۆتۆكۆلی یه‌كه‌می په‌یوه‌ستکراو به ڕێککه‌وتننامه‌کانی ژنێف
هه‌روه‌ها پڕۆتۆكۆلی یه‌كه‌می ساڵی 1977 كه به مه‌به‌ستی پڕكردنه‌وه‌ی كه‌موكورتییه‌كانی ڕێككه‌وتننامه‌ی ژنێڤ ده‌رچووه، له ماده‌ی (١) خاڵی (٤)دا ململانێ چه‌كدارییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌و شێوه‌یه پێناسه ده‌كا:
“ئه‌و ململانێ چه‌كدارییانه‌ی گه‌لان له خه‌باتدا دژی ده‌سه‌ڵاتی كۆلۆنیالی و داگیركاریی بێگانه و دژی ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستی بۆ وه‌دیهێنانی مافی چاره‌ی خۆنووسین به‌رپای ده‌كه‌ن.”
ئه‌و مافانه دان پیانراون به پێی میساق و به‌ڵگه‌نامه‌كانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ. كه‌واته خه‌باتی چه‌كداریی گه‌لی كورد چ وه‌ك خه‌باتیك دژی كۆلۆنیالی یان ڕه‌گه‌زپه‌رستی، ده‌بێته ململانێیه‌كی چه‌كداریی نێوده‌وڵه‌تی و له قالبی نێوخۆیی ده‌رده‌چێ.
دووه‌م؛ پارێزراویی پێشمه‌رگه ئه‌گه‌ر جه‌نگه‌که به جه‌نگی نێوخۆیی ئه‌ژمار بکرێ
ئه‌گه‌ر جه‌نگی نێوان هێزی پێشمه‌رگه و هێزی ده‌وڵه‌ته ناوه‌ندییه‌کان به جه‌نگێکی نێوخۆیی دابنرێ، به پێی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی خواره‌وه پێشمه‌رگه ده‌بێته خاوه‌ن مافی پاراستن:
أ. رێککهوتننامهكانی ژنێڤ ١٩٤٩
له ماده‌ی سێهه‌می هاوبه‌ش له ڕێكه‌وتننامه‌كانی ژنێف باسی ململانێی چه‌كداری نێوخۆیی كراوه كه له ساڵی ١٩٤٩ په‌سند كراون و له ساڵی ١٩٥٠ كه‌وتونه‌ته بواری جێبه‌جێ كردن.
هه‌روه‌ها له پرۆتۆكۆلی دووهه‌می زیادكراو به‌و رێككه‌وتننامانه له ساڵی 1977، جه‌ختی له سه‌ر كراوه‌ته‌وه. ده‌وڵه‌تانی داگیركه‌ری كوردستان ئه‌ندامی ئه‌و رێككهوتننامانهن و ته‌نانه‌ت ئێران هه‌ر دوو پرۆتۆكۆلیشی ئیمزا كردوه.
مادده‌ی (3)ی هاوبه‌شی رێككه‌وتننامه‌كان ده‌ڵێ: “ئه‌گه‌ر ململانێیه‌كی چه‌كداری سیفه‌تی نێوده‌وڵه‌تیی نه‌بێ و له سه‌ر خاكی یه‌كێك له لایه‌نه‌كانی رێككه‌وتننامه‌كه ڕوو بدا، ئه‌وا ده‌بێ هه‌ر یه‌ك له لایه‌نه‌كانی ململانێیه‌كه پابه‌ندی كۆمه‌ڵێك پڕه‌نسیپ بن.” واته لێره‌دا ئاماژه‌یه به‌وه‌ی یه‌كێك له لایه‌نه‌كان هێزی چه‌كداری حكومه‌ت بێ و لایه‌نه‌كه‌ی تر كۆمه‌ڵێك چه‌كداری هه‌ڵگه‌ڕاوه له ده‌سه‌ڵاتی به‌ركار بن.
لێره‌دا ئاشكرایه چه‌كدارانی سه‌ر به ده‌وڵه‌ت پارێزراویی یاساییان هه‌یه و سه‌باره‌ت به جه‌نگاوه‌رانی هێزی هه‌ڵگه‌ڕاوه، به پێی ئه‌و مادده‌یه ئه‌گه‌ر حكومه‌ت ڕابگه‌یه‌نێ كه ئه‌م پێكدادانه‌ی که له‌نێوان هێزی حكومه‌ت و هێزی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كان به‌رپا بووه، ئه‌وا ده‌بێته ململانێی چه‌كداریی نانێودهوڵهتی یان نێوخۆیی، به‌م شێوه‌یه شه‌ڕكه‌رانی هه‌ڵگه‌ڕاوه سیفه‌تی جه‌نگاوه‌ر وه‌رده‌گرن و پارێزراویی یاساییان ده‌بێ.
له‌و حاڵه‌ته‌دا هه‌ست به كه‌موكورتییه‌ك ده‌كرێ به نیسبه‌ت پارێزراوی بۆ شه‌ڕكه‌رانی گرووپی هه‌ڵگه‌ڕاوه، به‌ڵام له‌م لایه‌نه‌وه پارێزراوی ده‌بینرێ كه لایه‌نه‌كان پابه‌ند ده‌كا به‌ڕه‌چاوكردنی كۆمه‌ڵێك پڕه‌نسیپ نه‌ك ته‌نیا به‌رامبه‌ر هێزه چه‌كداره‌كان، به‌ڵكوو به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی سڤیلیش به‌و شێوه‌یه‌ی خواره‌وه:
ئه‌و كه‌سانه‌ی ڕاسته‌وخۆ به‌شداری جه‌نگ ناكه‌ن وه‌ك ئه‌وانه‌ی چه‌كیان داناوه، نه‌خۆشه‌كان، برینداره‌كان و گیراوه‌كان كه له هه‌موو حاڵه‌تێكدا ده‌بێ به شێوه‌یه‌كی مرۆڤدۆستانه و به‌بێ جیاوازیی ئیتنی و ڕه‌گه‌زی و ئایینی و بیر‌و باوه‌ڕ و زێد و پایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕه‌فتاریان له‌گه‌ڵ بكرێت.
ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ئاماژه‌یان پێدرا له هه‌موو كات و شوێنێكدا نابێ ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وتانه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت:
ــ به‌كارهێنانی زه‌برو زه‌نگ دژی ژیان و سڵامه‌تیی جه‌سته‌ییان و ئه‌تككردن و ڕه‌فتاری دڵ ڕه‌قانه و شكاندنی كه‌ڕامه‌تیان.
ــ به بارمته گرتن
ــ هه‌ڵسوكه‌وت و حوكمدان به بێ دادگاییه‌كی عادڵانه…هتد
ب. پڕۆتۆكۆلی دووه‌می ساڵی 1977 كه لكێنراوه به ڕێككه‌وتننامه‌كانی ژنێڤ
له لایه‌كی تره‌وه پڕۆتۆكۆلی دووه‌می ساڵی 1977 كه لكێنراوه به ڕێككه‌وتننامه‌كانی ژنێڤ له ژێر ناوی (پاراستنی قوربانیانی ململانێ چه‌كداریه نێوخۆییه‌كان) سه‌ره‌ڕای جه‌ختكردنه‌وه له سه‌ر پڕه‌نسیپه مرۆییه‌كانی هاتوو له ماده‌ی سێهه‌می ڕێكه‌وتننامه‌كان، له ماده‌ی (1)دا پێناسه‌ی ململانێی چه‌كداریی نێوخۆیی ده‌كا و ده‌ڵێ:
“حوكمه‌كانی پرۆتۆكۆلی دووەه‌م جێبه‌جێ ده‌كرێن له سه‌ر ئه‌م ململانێ چه‌كدارییانه‌ی كه به‌رپا ده‌بێ له سه‌ر خاكی ده‌وڵه‌تێك له نێوان هێزی چه‌كداری حكومه‌ت و هێزی چه‌كداری یاخیبوو یان هه‌ڵگه‌ڕاوه، یان هێزی چه‌كداری ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵێكی تر چه‌كدار كه له ژێر سه‌ركردایه‌تییه‌كی به‌رپرس بێ و كرداری چه‌كداریی به‌رده‌وام و ڕێكخراو ئه‌نجام بدا كه له سه‌ر به‌شێك له خاكی ئه‌و ده‌وڵه‌ته جێگیر كرابێ و بتوانێ ئه‌و پرۆتۆكۆله جێبه‌جێ بكا.”
كه‌واته مه‌رجه‌كانی پێدانی سیفه‌تی جه‌نگاوه‌ر به هێزی هه‌ڵگه‌ڕاوه بۆ ئه‌وه‌ی پارێزراو بێت به پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تی مرۆیی بریتین له:
1ــ ده‌بێت یه‌كێك له لایه‌نه‌كانی ئه‌و ململانێیه هێزی حكومه‌ت بێت. حوكمه‌كانی ئه‌و پرتۆكۆله جێبه‌جێ ناكرێ ئه‌گه‌ر پێكدادانه‌كه له نێوان خێڵه‌كان یان پارته سیاسییه‌كانی نێو یه‌ك حكومه‌تدا بێت.
2ــ ده‌بێت هێزی هه‌ڵگه‌ڕاوه له ژێر سه‌ركردایه‌تییه‌كی به‌رپرس بێت، واته ده‌بێ ئاستێك له ڕێكخستنی سیاسی و سه‌ربازی بوونی هه‌بێ كه ئه‌و ڕێكخستنه له نێو هێزه كوردییه‌كانی هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستاندا هه‌بووه و هه‌یه.
3ــ ده‌بێت هێزی شۆڕشگێڕ كۆنتڕۆڵی به سه‌ر به‌شێك له خاكی وڵاته‌كه‌دا هه‌بێ. ئه‌و كۆنتڕۆڵه لەبارەی پێشمەرگەوە ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت به‌شێكی كه‌میش بێت، هه‌بووه.
4ــ ده‌بێت ئه‌و هێزه توانای كرده‌وه‌ی چه‌كداریی به‌رده‌وام و ڕێكخراوی هه‌بێت. له هه‌موو شۆڕشه كوردیه‌كاندا شاهیدی ئه‌وه‌ین كه پێشمه‌رگه ئه‌و قابلییه‌ت و تواناییه‌ی هه‌بووه.
5ــ توانایی جێبه‌جێكردنی پرۆتۆكۆلی دووهه‌می هه‌بێت كه ئه‌وه‌ش ڕوون و ئاشكرایه که هه‌ڵسوکه‌وتی پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ گیراو و بریندارانی دوژمن مرۆڤانه بووه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و پارێزراوییهی دروست ده‌بێت بۆ جه‌نگاوه‌ر به پێی ڕێككه‌وتنه‌كانی ژنێف، له حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت پابه‌ندیش نه‌بێت به‌و ڕێككهوتننامانه واته ئیمزای نه‌کردبێت، ئه‌ركی له سه‌ر شانه كه پابه‌ندی نێوه‌ڕۆكی ئه‌و ڕێككهوتننامانه بێت. چونكه بۆته به‌شێك له عوڕفی نێوده‌وڵه‌تی. ئه‌و ڕوانگه نوێیه له بۆچوونی شاره‌زایانی یاسای نێوده‌وڵه‌تیدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. بۆ وێنه پسپۆڕ و شاره‌زای یاسای نێوده‌وڵه‌تی مرۆیی (فراسواز پوشیه سولینیه) پێی وایه: «له ڕۆژگاری ئێستادا هه‌ر چوار ڕێككه‌وتننامه‌ی ژنێفی 1949 و هه‌روه‌ها پرۆتۆكۆله لكێنراوهكانی، سیفه‌تی یاسایی عورفی نێوده‌وڵه‌تییان وه‌رگرتووه.» ئه‌مه‌ش به واتایه‌یه ته‌نانه‌ت ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی واژۆی ئه‌و بهڵگهنامانهشیان نه‌كردووه ئه‌وا پێویسته له سه‌ریان پابه‌ند بن به پڕهنسیپهكانی ئه‌و یاسایه، له به‌ر ئه‌وه‌ی عورف سیفه‌تی ئیلزامی هه‌یه و سه‌رچاوه‌ی دوهه‌می یاسای نێوده‌وڵه‌تی مرۆییه.