ڕۆژی دەی دێسامبر، ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤە. لە وەها ڕۆژێکدا لە ساڵی ١٩٤٨ کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێکهاتوو لە ٥٦ وڵاتی ئەندام گەڵاڵەی مافی مرۆڤیان بە زۆرینەی دەنگ لە پاریس پێتەختی فەڕانسە پەسند کرد. دۆخی مافی مرۆڤ پاش ٧٠ ساڵ لە پەسندکرانی ئەو گەڵاڵەیە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان نالەبارە و سەرەڕای هەوڵ و تێکۆشانی ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، بەتایبەت شووڕای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، لەژێرپێنانی بەشێوەی ڕێژەیی مافی مرۆڤ بەتایبەت لە وڵاتانی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەر بەردەوامە.
ڕێژیمی پێشووی ئێران، لەو دەوڵەتانە بوو کە دەنگی بە پەسندکردنی ئەو گەڵاڵەیە دا و پێبەندیی خۆی بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ ڕاگەیاند. بەڵام لەڕاستیدا مافی مرۆڤ لە ئێرانی ژێردەسەلاتی پەهلەوییەکاندا زۆر بەزەقی پێشێل دەکرا و گەلانی ئێران، یەک لەوان گەلی کورد بە توندترین شێوە سەرکوت دەکران و ڕۆڵەکانی لە گرتووخانەکاندا ئەشکەنجە دەکران و لە سێدارە دەدران. لە سەردەمی ڕێژیمی دیکتاتۆری و سەرەڕۆی پەهلەوییەکاندا بناغەی دەوڵەتێکی ناوەندگهرا لە سەر بنەمای نەتەوەی فارس دامەزرا و نەتەوەکانی دیکەی ئێرانیش لە هەموو ماف و ئازادییەکانی خۆیان، بەتایبەت لە پێوەندی لەگەڵ مافە نەتەوایەتییەکانیان بێبەش کران. ڕێژیمی پاشایەتی لە حاڵێکدا ئەو بەڵگەنامە و جاڕنامەیەی ئیمزا کردبوو کە بەپێی زۆربەی خاڵەکانی جاڕنامەکە، مرۆڤەکان دەبێ هەموو مافەکانیان بە مافی نەتەوایەتی و ئایینی و کلتوورییەوە و… پارێزراو بێ و دەوڵەتەکان دەبێ ڕێز لە هەموو کەمایەتییەکان بگرن. بەڵام ڕێژیمی پاشایەتی نەک هەر ڕێزی لە ماف و ئازادییەکانی نەتەوەکانی ئێران نەدەگرت، بەڵکوو هەروەک لە مێژووی ڕەشی خۆیدا تۆماری کردووە، نەتەوەکانی غەیرە فارسی سەرکوت دەکرد و سیاسەتی توانەوە و ئاسیمیلاسیۆن بە شێوەی زیرەکانە و بەرنامە بۆ داڕێژراو بەڕێوە دەچوو. زۆر نموونەی وەک شەهیدکرانی سمکۆی شکاک، ڕووخانی حکوومەتی میللی ئازەربایجان و کۆماری کوردستان و لەسێدارەدارانی سەدان کەس لە شۆڕشگێڕانی کورد و ئازەری، بەتایبەت پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی هەن و هەروەها گیران و لە سێدارەدرانی دەیان کەس لە ئەندامان و خەباتکارانی حیزبی دێموکرات لە بەندیخانەکان و بەتایبەت لە پادگانی پیرانشار بە دەستی تیمسار «ئۆوەیسی» تەنیا چەند نموونەیەکن لە جینایاتی ڕێژیمی پێشوو کە لە چوارچێوەی لەژێر پێنانی زۆر زەق و خوێناویی مافی مرۆڤدا پۆلێن دەکرێن.
لە دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نەک هەر باشتر نەبوو، بەڵکوو بەدەیان قات خراپتری بەسەرهات. ئەو ڕێژیمە دژی گەلی و دواکەوتوویە هەر لەسەرەتاوە زۆربەی هێز و ڕیکخراوە سیاسییەکانی سەرکوت کرد و ئازادیخوازانی لە بەندیخانەکاندا کۆمەڵکوژ کرد و لەهەمان کاتدا بە هێرشکردنە سەر کوردستان، وەک مەکۆ و سەنگەری ئازادیخوازان، شەڕێکی خوێناوی و نابەرامبەری بەسەر گەلی کورددا سەپاند کە ئاسەوارەکەی ئێستاش بە جەستەی کوردستان و گەلی کوردەوە دیارە. لەو ماوەیەدا ههزاران لاوی کورد و نەتەوەکانی دیکە لە بەندیخانەکاندا لە پاش ئەشکەنجە و ئازاری نامرۆڤانە له سێدارە دراون کە لەسێدارەدرانی سەدان لاوی کورد له دوای گرتنەوەی شارەکانی کوردستان و هەروەها لەسێدارەدرانی بەکۆمەڵی هەزاران زیندانیی سیاسی لە ساڵی ٦٧ لووتکەی جینایاتی ئەو ڕێژیمە کۆنەپەرستەیە. هەرچەند ڕێژیمی پاشایەتی جینایەتی زۆری دهرحەق بە گەلی کورد خوڵقاند و مافی مرۆڤی بەتایبەت لە پێوەندی لەگەڵ مافی نەتەوەکان و ئازادییە سیاسییەکان بە توندی پێشێل دەکرد، بەڵام ئازادییە تاکەکەسییەکان و زۆربەی ئەو ماف و ئازادییانەی کە پێوەندییان بە سیاسەتەوە نەبوون پارێزراو بوون. بۆ وێنە دەتوانین باسی جودایی دین لە دەوڵەت و مافەکانی ژنان لە ڕووی یاساییەوە بکەین کە لە دەستووری بنەڕەتیی وڵاتدا پارێزراو بوون. بەڵام ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نەک هەر ئازادییە سیاسییەکان و چالاکانی سیاسی و ئازادیخوازانی نەتەوەکانی ئێرانی بەتوندترین شێوە سەرکوت دەکرد و ئێستاش هەر لەسەر ئەو سیاسەتانەی بەردەوامە، بەڵکوو زۆربەی یاسا مۆدێڕن و بەها مرۆییەکانی لە یاسای بنەڕەتیدا سڕینەوە و لەجیاتی ئەوان یاسا و ڕێسا دواکەوتووەکانی خۆی چەسپاند کە لە زۆربەی بوارەکاندا ناتەبایە لەگەڵ ڕاگەیهندراوی مافی مرۆڤ و لە ڕاستیدا پێشێلکردنی مافی مرۆڤی بە یاسایی کرد. بۆ نموونەش دەتوانین باس لە پێشێلکردنی مافی ژنان بە شێوەی یاسایی، حیجابیی زۆرە ملی و مافی نەتەوە غهیرە فارسەکان بکەین کە بە شێوەی سیستماتیک بهڕێوە دەچێ.
لەماوەی چوار دەیەی ڕابردووهوه تا ئێستا، هەموو ساڵێ کۆماری ئیسلامی بەهۆی لەژێر پێنانی بێبەزەیانەی مافی مرۆڤ لە هەموو بوارەکاندا لە لایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ مەحکووم دەکرێ و وەک یەکێک لە ئەندامانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێ دەکرێ مافی مرۆڤ بپارێزێ. بەڵام لەژێرپێنانی مافی مرۆڤ بەتوندی و شێوەی جۆراوجۆر هەروا بەردەوامە و لە زۆر بواردا نەک هەر کەمی نەکردووە بەڵکوو لە زیادی داوە. گرتن و ئەشکەنجەدانی چالاکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کرێکاری، ژینگەپارێز، پارێزەرانی مافی مرۆڤ و خوێندکاران، دادگاییکردنی ڕواڵەتی و ناعادیلانە و سەپاندنی حوکمی بەندکرانی درێژماوە؛ ڕێژەی بەرزی لەسێدارەدان، تەنانەت لەسێدارەدانی تاوانبارانی کەمتر لە ١٨ ساڵ، بەشێوەیەک کە ئێران هەموو ساڵێ لە سەرووی ئەو وڵاتانەیە کە سزای لەسێدارەدان بەڕێوەدەبەن، سەرکوتی خوێناوی ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵانی وەزاڵەهاتووی خەڵکی ئێران و … چەند نموونەیەکی دیکەن لە حاڵەتەکانی لەژێرپێنانی مافی مرۆڤ لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش سەرکوت، زەبروزەنگ و لەژێرپێنانی مافی مرۆڤ نەک بەشێوەی ئاشکرا، بەڵکوو سیستماتیک بەردەوامە و نەک هەر لەکورتیی نەداوە، بگرە لەو چەند ساڵەدا زۆر توندوتیژتر و خوێناویتر لە پێشوو بهڕێوە دەچێ. ڕێژیم لە کوردستان دەستی لە ئازار و ئەشکەنجەی خەڵکی بێتاوان و چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی نەپاراستووە و زۆر جار لە داخی نافەرمانیی مەدەنی و بەربەرەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە بەرامبەر کردەوە و سیاسەتە دژەکوردییەکانی و پێداگری لە ویست و داخوازەکانیان ڕقهستوورتر و بێبەزەیانەتر ڕۆڵەکانی گەلەکەمانی داوەتە بەر ڕاوەدوونان و ئازار و ئەشکەنجە. کۆماری ئیسلامی ئەگەر لە ساڵەکانی سەرەتای هاتنەسەرکاری بە ناوی شەڕ لەگەڵ بەناو «دژه شۆڕش» سەدان لاوی بێتاوانی کوردی لە گرتووخانەکاندا لە سێدارە دا و پاساوی بۆ جینایەتەکانی خۆی دەهێناوە، ئێستاش بەتاوانی هاوکاری لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان چالاکانی کورد لە گرتووخانەکان دەپەستێوێ. دەزگای بەناو «داد»ی ڕێژیم و ئۆرگانە سەرکوتکەرەکانی سپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعات پاش پڕۆسەی لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەی بەندکراوان وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملی و پەروەندە سازی، زیندانیی درێژماوەیان بۆ دەبڕنەوە، یان لە سێدارە دەدرێن. نموونەی ئەو کار و کردەوە نامرۆڤانەیە هەر چەند مانگ پێش، لەسێدارەدانی شەش کەس لە لاوانی کورد بوو کە سێ کەسیان لە ڕۆژی ١٧ی خەرمانان هاوکات لەگەڵ مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات لە سێدارە دران و سێ کەسەکەی دیکەش لە دوو ڕۆژی دوای پەلامارە خوێناوییەکەی سپای پاسداران بۆ سەر حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شارەکانی شنۆ و میاندواو لە سێدارە دران.
لە ماوەی دەسەڵاتداری خۆیدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کارنامەیەکی زۆر ڕەش و پڕ لە جینایەتی بۆ خۆی لە کوردستاندا تۆمارکردووە، کە ناکرێ تەنیا ناوی لەژێرپێنانی مافی مرۆڤی لەسەر دابندرێ بەڵکوو دەبێ وەک جینایەت و ڕەشەکوژی سەیر بکرێ و وڵاتان و ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان زیاتر لە پێشوو لەسەری وەدەنگ بێن. کۆماری ئیسلامی بەئاشکرا خەڵکی بێتاوانی کوردستان کە بۆ بژیوی ژیان ناچارن ڕوو لەکۆڵبەری بکەن دەداتە بەر دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی و ڕۆژ نییە هەواڵی کوژران و برینداربوونی یەک یان چەند کۆڵبەرێک نەبێتە سەردێڕی ڕۆژنامە و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان. کەسانێک کە بە هۆی نەبوونی دەرەتانی کارکردن لە شار و گوندەکان و سیاسەتی پەراوێزخستنی بەئانقەستی کوردستان، ناچارن سنوورە دەسکردەکان ببڕن و سەرەڕای تەقەی هێزەچەکدارەکانی ڕێژیم و مهترسیی کەوتنە نێو مەیدانی مین و هەڵدێران لە شوێنە ئاستەمەکان کاری تاقەت پڕووکێنی کۆڵبەری بکەن. کۆماری ئیسلامی هەر بەوەشەوە نەوەستاوە و تەنیا ئەوە کورد نییە کە لە ڕوانگەی ئەو ڕێژیمەوه، دەبێ سەرکوت بکرێ و ئەگەر بۆ دابینکردنی ویست و داخوازەکانی، یان بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ سیاسەتەکانی، دەنگی هەڵبڕی دەبێ بە زەبروزەنگ و کوشتوبڕ وڵام بدرێتەوە، بەڵکوو کوردستانیش وەک نیشتمانی کورد لە ڕوانگەی ڕێژیمەوە دەبێ خاپوور و تاڵان و وێران بکرێ. سووتاندنی بەئانقەست یان بەهۆی مانۆڕەسەربازییەکانی سروشتی کوردستان و بەتاڵانبردنی سامانەکان و ئاسهوارە کەوناراکانی و زەخت و گوشار بۆ ژینگەپارێزان و پێشگرتن لە چالاکییەکانیان بەشێکن لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و لە ڕاستیدا ئەو ڕێژیمە کوردکوژە لەگەڵ ئەوەی پێداگری لەسەر بەناو تەواوییەتی ئەرزی ئێران دەکا، کوردستان بە بەشێک لە خاکی ئێران دانانێ و هەمیشە بەچاوی ناوچەیەکی داگیرکراو و هەستیار و ئەمنیەتی سەیری دەکا، هەربۆیەش بۆی گرینگ نییە چ بەسەر خەڵک و خاکەکەیدا دێ و تەنیا دەیهەوێ بە قیمەتی کاولکرانیشی بێ سوودی لێوەرگرێ و گەلی کوردیش لەئاست ئەو سیاسەتە بێدەنگ بن و متەقیان لێنەیە.
بێگومان لەژێرپێنانی مافی مرۆڤ لە ئێران و کوردستان بەشێوەی ئێستا هەتا ئەو ڕێژیمە لەسەر کار بێ درێژەی دەبێ و چاوەڕوان ناکرێ بە ئیدانە کردنی سەرزارەکی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان یان ڕێکخراوەکانی دیکەی پارێزەری مافی مرۆڤ واز لە جینایەت و پێشێلکارییانە بێنێ، هەر بۆیەش کۆمەڵگهی جیهانی و وڵاتە دەسڕۆیشتووەکان جگە لە مەحکوومکردنی کۆماری ئیسلامی، دەبێ بۆ هەوسارکردنی لەلایەک بهشێوەی یەکگرتووانە گوشاری بخەنە سەر و لە لایەکی دیکەش هەر چەشنە سات و سەودایەکی سیاسی و بازرگانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ببەستنەوە بە باشتربوونی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا.