سروە پوورمحەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی “نۆژین”ی سنە، لە دادگای پێداچوونەوەدا، بە ٥ ساڵ بەندکرانی تەعزیری حوکم درا.
ئەم چالاکە فەرهەنگییە پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی “کەرەمی”، بە تۆمەتی “پێکهێنانی دەستە و گرووپ”، بە ١٠ ساڵ بەندکران سزا درابوو.
حوکمی بەندیی ئەم ئەندامەی نۆژین ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی خەزەڵوەر، لە ڕێگای پارێزەرەکانییەوە پێی ڕاگەیەندرابوو.
سروە پوورمحەممەدی ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١، لە کاتی بەدواداچوون بۆ دۆخی ئەندامانی دەسبەسەرکراوی ئەنجومەنی نۆژین لە دادگای شۆڕشی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.
ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادگایی، لە “کانوونی ئیسڵاح و تەربییەت”ی سنە ئازاد کرابوو.