حەوتوویەک دوای هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری شەپۆلێکی نوێی تەقە و دەسترێژ لە کۆڵبەرانی کوردستان دەستی پێکردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ی جۆزەردان پۆلێک کۆڵبەری داماو لە ناوچەی سنووریی مەڕانە لە مەریوان کەوتنە بەر دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی.
لەو دەستڕێژەدا دوو کۆڵبەر کوژراون کە ناوی یەکیان حەمدی فاتحی، خاوەن ژن و منداڵ، خەڵکی مەریوان بووە. بریندارەکانی ئەو پەلامارەی هێزە چەکدارەکان لە ئێستا بۆ دەرمان و چارەسەری بەڕێی نەخۆشخانەی مەریوان کراون.
ئەو پەلامارەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کۆڵبەرانی مەریوان لە حاڵێکدایە کە ڕۆژی پێنجشەممە، 4ی جۆزەردانیش لە سەقز هێرش کرایە سەر پۆلێک کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کە یەک لەوان بەناوی محەممەد دەرەتفێی بە توندی بریندار بوو.
شایانی باسە کە لە حەوتوویەک پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارییەوە تەقە و لێدان لە کۆڵبەرانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان و هەروەها ڕەوتی ئێعدامەکان لە ئێران ڕاگیران، بەڵام لەگەڵ تەواوبوونی هەڵبژاردنەکان شەپۆلی نوێی ئێعدام و سەرکوتی کاسبکاران دەستی پێکردەوە. جێی بیئرهێنانەوەیە کە هەر لە حەوتووی ڕابردوودا 6 کەس لە زیندانەکانی ورمێ و کرماشان بە ناوەکانی عوسمان حوسێنی، خەڵکی سەردەشت، سەلاحەدین شەفیعیکیا و ڕەمەزان موختاری خەڵکی ورمێ؛ حوجەتوڵڵا تەدرۆ، مێهران ئەشرافی و مێهرداد عەسکەری خەڵکی کرماشان لەدار دران.