حوکمی لەسێدارەدرانی چوار زیندانی سیاسی بەناوەکانی “موحسن مەزڵووم ٢٨ ساڵە خەڵکی مهاباد، محەممەد(هەژیر) فەرامەرزی ٢٨ ساڵە خەڵکی دێولان، وەفا ئازەربار ٢٦ ساڵە خەڵکی بۆکان و پژمان فاتحی ٢٨ سالە خەڵکی کامێران”، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵ و نیوێک دەسبەسەرکران و بێسەروشوێنبوون، لدەرکراوە و دۆسییەکەیان بۆ پشتڕاستکرانەوەی سزاکەیان، ڕەوانەی دیوانی باڵای وڵات کراوە.
بەپێی زانیارییەکان، وەزارەتی ئیتلاعات فەرمانی بە ناوەندە دادوەرییەکانی دیوانی باڵا داوە کە حوکمەکان بەپەلە پشتڕاست و جێبەجێ بکرێن.
ئەم زیندانییانە لەلایەن دادگاوە پارێزەریان بۆ دیاری کراوە و تاکوو ئێستا بنەماڵەکانیان نازانن ئەم پارێزەرانە کێن و هیچ پێوەندییەکیان لەگەڵ بنەماڵەکان نەگرتووە. لە لایەکی ترەوە بنەماڵەکان، “مەسعوود شەمس نژاد”، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەرییان وەکوو پارێزەر بە ناوەندە دادوەرییەکان ناساندووە، بەڵام مەسعوود شەمس نژاد ڕایگەیاندووە؛ لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوودا نەیتوانیوە دۆسییەکەیان ببینێ و هیچ وڵامێکیشی لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانەوە وەرنەگرتووە.
بێئاگابوونی بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییانە لە دۆسییەکانیان لە ئاستێکدایە کە تەنانەت نازانن دۆسییەکە لە دیوانی باڵای ڕێژیمدا گەیشتووەتە کۆتایی یان نە و تەنیا دەزانن کەیسەکە لە یەکێک لە لقەکانی ئەم دیوانە و بە ئەگەری زۆرەوە لە لقی ٣٩یە.
ئەو چوار هاونیشتمانییە، ڕۆژی یەکی گەلاێژی ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە گوندی “یەنگیجە” سەر بە ناوچەی سۆمای ورمێ دەسبەسەر کران و لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوودا، بنەماڵەکانیان سەبارەت بە شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی منداڵەکانیان هیچ زانیارییەکیان نەبووە و ئەم زیندانییانە لە هەموو ئەم ماوەیەدا لە دەسپیڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان و سەرجەم مافە سەرەتاییەکان بێبەری کراون.
کۆماری ئیسلامی دوو جار و لە مانگەکانی ڕەزبەر و سەرماوەزی ١٤٠١دا، ڤیدیۆی دانپێدانای زۆرەملێی ئەم زیندانییە سیاسییانەی بڵاو کردەوە.