سەرلەبەیانی دووشەممە ٤ی بەفرانباری ١٤٠٢، هاونیشتمانییەکی ٥٥ ساڵانە بەناوی “محەممەدجەعفەر محەممەدی” بە شێوەیەکی پڕتوندوتیژیی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنەکی نادیار گوازرایەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە وتی: هێزە ئیتلاعاتییەکان بە هێرش کردنە سەر ماڵی ئەو هاونیشتمانییە لە گەرەکی حاجیاوا، بە شکاندنی دەرگای چوونەژوورەوە بە زۆریی و درووست کردنی کەشێکی پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێ، ناوبراویان گرت و دەگەڵ خۆیان برد.
جێگای ئاماژەیە کە؛ لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دا دوو کوڕی کاک محەممەد بەناوەکانی “سیروان و مورتەزا” لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.