بە پێی هەواڵی چاونیوز: کازێوەی بەربەیانی ڕۆژی سێ شەممە ٢٥ی سەرماوەزی ١٣٩٩، هێزێکی ئیتلاعاتی سپای پاسداران هاونیشتمانییەکی خەڵکی شاری شنۆ بەناوی ئومید مەعرووف کوڕی بازید بە بێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی قۆڵبەست دەکەن.
شایەنی باسە، باوکی ئومید مەعرووف (بازید مەعرووف) لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی ١٣٨٤ی شنۆدا بە فیشەکی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنیەتییەکانی سپای پاسداران گیانی لێ دەستێندرێ و دەکوژرێ.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی سەرماوەز، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی “کەماڵ قۆیتاسی” خەڵکی گوندی “چەشمەگۆل” و “ڕەحمان یووسفی” خەڵکی گوندی “سەوجە”ی شاری شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەو شارە، دەسبەسەر کرابوون، هەروەها هاونیشتمانییەکی دیکە بەناوی حوسێن پیرۆتی شاخەوان و چالاکڤانی کرێکاری بانگهێشتی دادیاری لقی ١ی دادگوستەریی شاری شنۆ کرا.
ئەو هاونیشتمانییە، ئەندامی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکانە، پاش سەردانی لقی ١ی دادگوستەریی شنۆ، پێی گوتراوە، ئیداری ئیتلاعاتی شنۆ سکاڵای دژی ناوبراو تۆمار کردووە.
ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی “پڕۆپاگەندە دژی نیزام و بڵاوکردنەوەی هەواڵی بانگهشێتکردنی بۆ ئیتلاعات” تاوانبار کراوە.