ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، دوو هاونیشتمانی بە ناوەکانی “محەممەد سۆهرابی و فەردین مەحموودی” خەڵکی پیرانشار، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کران.
لەمبارەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار گوتی: هێزە ئەمنییەکان بەبێ حوکمی دادوەر، هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کاری (کابینەتسازی) محەممەد سۆهرابی و دەسبەسەریان کردووە. ناوبراو کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینادا دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە ١٦ مانگ بەندکران و ساڵێک دوورخرانەوە سزا درابوو.
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا گوتی: هاوکات هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کاری فەردین مەحموودیش (لە چالاکانی ژینگەیی پیرانشار) و دەسبەسەریان کردووە.
ئەم سەرچاوەیە زیادیشی کرد: هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دوای دەسبەسەرکردنی ئەم دوو هاونیشتمانییە، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکانیان و پشکنیویانە و دەستیان بەسەر ژمارەیەک کەلوپەلی کەسیی ئەم دوو کەسەدا گرتووە.
پێشتریش دوو هاونیشتمانی بە ناوەکانی “نێعمەت ئەحمەدنژاد و مراد ئوستوار”، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە شێوەیەکی توندوتیژ دەسبەسەر کرابوون.