هێزەکانی ئیتلاعات لە شاری مەهاباد، ٤ کەسیان دەسبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات لەو شارە گواستەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵی سەرچاوە خۆجێیەکان، چەند ڕۆژ لەوەپێش، ٤ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی “ئیبراهیم بابایی”، “سوارە ڕەحیمی”، “کەریم ڕەسووڵی” و “سیاوەش باغەبانی” خەڵکی گوندی “ئیندرقاش” سەر بە ناوچەی شاروێڕانی مەهاباد، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.
سەرچاوەیەکی نزیک لەو بەندکراوانە ڕایگەیاند، “هێزەکانی ئیتلاعات ئەو ٤ کەسە کوردەیان بە تۆمەتی هەواڵدان بۆ بەرێوەبردنی جێژنی نەورۆز دەسبەسەر کردووە و لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری مەهاباد لێکۆڵینەوەیان لێکراوە.
هەر لەو پێوەندییەدا لە پێش نەورۆزەوە هێزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای هەڕەشەکردن کۆمەڵێک لە چالاکان و خەڵکیان دەسبەسەر کرد و ئێستاش پاش بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز دەستیان کردووە بە ڕەشبگیریی خەڵک لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتیان دەخزێنن و لێکۆڵینەوەیان لێدەکەن و پاشان لەسەر بڕیاری دامەزراوە ئەمنیەتییەکان حوکمی زیندانیان بۆ دەبڕنەوە.
شایانی باسە تا ئامادەکرانی ئەو هەواڵە بە دەیان کەس لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ نەورۆزدا دەسبەسەر کران.