به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مین له قوتابخانه‌ی کچانه‌ی کوده‌شت سێ قوتابی به توندی بریندار بوون.
ڕۆژی سێشه‌ممه 8ی ڕه‌شه‌ممه به هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مین یان ئه‌و ته‌قه‌مه‌نییه‌ی میدیاکانی کۆماری ئیسلامی به چاشنی ناویان بردوه، له قۆتابخانه‌ی حیجابی کوده‌شت سێ قوتابی بریندار بوون که یه‌ک له‌وان مه‌چه‌کی لێ بۆته‌وه .
نوورمحه‌ممه‌د فه‌ردی‌بیراوه‌ند، فه‌رمانداری شاری کوده‌شت له وتووێژێکدا له گه‌ڵ هه‌واڵده‌ریی حکومه‌تیی ته‌سنیم رایه‌گه‌یاندوه که ئه‌و ڕووداوه کاتژمێر نیزیک 8ی به‌یانیی ڕۆژی 8ی ڕه‌شه‌ممه له مه‌دره‌سه‌ی حیجابی هه‌ڵکه‌وتوو له شه‌هره‌کی ڕه‌جایی ڕووی داوه و له‌و ڕووداوه‌دا فاتمه ڕه‌زاییم یه‌ک له‌و قوتابییانه ده‌ستی له مه‌چه‌ک ڕا په‌ڕیوه و بۆ چاره‌سه‌ری به‌ڕێی نه‌خۆشخانه‌ی خوڕه‌ماوا کراوه. له‌و ڕووداوه‌دا دوو له کچه‌کانی دیکه‌ش به ناوه‌کانی کوبڕا ئه‌بولوه‌فایی و په‌ریسا تاهیری بریندار بوون و بۆ نه‌خۆشخانه‌ی شاری کوده‌شت گواستراونه‌ته‌وه.
جێی باسه له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه تا ئێستا ئه‌وه‌نده‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوه و ناوه‌کانیان ئاشکرابوون، 42 که‌س له کوردستان به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مین کوژراون و بریندار بوون، به‌ڵام بە دڵنیاییەوە ئاماری ورد و ده‌قیقی قوربانیانی ته‌قینه‌وه‌ی مین _ بەهۆی ئەوەی هه‌واڵده‌رییه ڕه‌سمییه‌کان خۆ له بڵاوکردنه‌وه‌یان ده‌بوێرن یان ناوی قوربانیان ئاشکرا ناکه‌ن_ له‌وه‌نده زیاتره که ناوه‌ندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان تۆماری کردوه.