شەوی چوارشەممە ٦ی بەفرانبار، “ئیبراهیم گوڵعەنبەر” برای “ئیسماعیل گوڵعەنبەر” لە شەهیدانی بزووتنەوەی سەرانسەریی #ژینا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
لەمبارەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار بە چاونیوزی ڕاگەیاند: لە حاڵێکدا ئیبراهیم لەگەڵ بنەماڵەکەی لە تارانەوە دەگەڕایەوە جوانڕۆ، لە نزیکیی شاری بێستوون، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ حوکمی دادوەر دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاونیشتمانییە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
شایانی وەبیرهێنانەوەیە کە؛ ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠١، ئیسماعیل گوڵعەنبەر لە ڕەوتی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی دوو کەس لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا بە ناوەکانی “بەهائەدین وەیسی و عیرفان کاکایی”، کە هێزە سەرکوتکەرەکان بەشدارانی ئەم ڕێوڕەسمەیان وەبەر دەسڕێژ دا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت گیانی لەدەست دا.