سێ کاسبکاری دیکە لە کوردستان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژران و بریندار بوون.
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە،٢٥ پووشپەڕ، هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامی لە رێگای گوندی بورهانەدین هەڵکەوتوو لە سێ کیلۆمەتری شاری روانسەر لە رێگای پاوە روانسەر، تەقەیان لە ماشینی کاسبکاری کورد کرد کە لە ئاکامدا کاسبکارێک کوژرا و دوو کاسبکاریتریش بریندار بوون.
ئەو کاسبکارەی کوژراوە ناوی “حامید عەلیمورادی”یە و بریندارەکە “وەلی خانی”ی ناوە و بە تۆمەتی پێبوونی باری قاچاغ دراونەتە بەر دەستڕێژ.
دوای ئەم رووداوە خەڵکی توڕەی شاری روانسەر هاتنەسەر شەقام و هێرشیان کردە سەر چەند ماشینێکی هێزە ئینتزامییەکان و بەر بەردیان دان.
جێی بیرهێنانەوەیە کە لە ماوەی ئەم سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 37 کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بوونەتە قوربانیی سیاسەتی پەرەنەسەندنی کوردستان لە ڕووی ئابووری و رەفتاری دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە گەلی کورد. لەوەندە کەسە 18 کاسبکار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون و 19 کەسیش هەر بەو هۆیە بریندار بوون و دەیان سەر ئەسپ و ئێستری ئەو کاسبکارانەش بە کوشت چوون و دەست بەسەر چەندین میلیارد تمەن بار و کەلوپەلیان داگیراوە.