تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە بانە بووە هۆی کوشتن و بریندارکردنی دوو کۆڵبەری دیکە.
ڕۆژی شەممە، 10ی پووشپەڕ پۆلێک کۆڵبەری کورد لە دەوروبەری گوندی “کەندەسوورە” لە نیزیک بانە کەوتوونەتە بەر دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی. لەو ڕووداوەدا یەک لە کۆڵبەرەکان بە ناوی واحید قادری کوژراوە و کۆڵبەریکی دیکەش بە ناوی ئارام ناسری بە توندی بریندار بووە.
کوژران و بریندار بوونی ئەو دوو کۆڵبەرە لە حاڵێک دایە کە لە دە ڕۆژی سەرەتای ئەو مانگەدا کۆڵبەرێکی خەڵکی ورمێ بە ناوی مراد عەڕەبی بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژرا و دوو کۆڵبەری دیکەش بە ناوەکانی کاردین عەڕەبپوور و زۆرار عەبدوڵڵاهی بریندار بوون.
جێی بیرهێنانەوەیە کە لە ماوەی سێ مانگی بەهاریشدا 37 کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بوونەتە قوربانیی سیاسەتی پەرەنەسەندنی کوردستان لە ڕووی ئابووری و رەفتاری دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە گەلی کورد. لەوەندە کەسە 18 کاسبکار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون و 19 کەسیش هەر بەو هۆیە بریندار بوون و دەیان سەر ئەسپ و ئێستری ئەو کاسبکارانەش بە کوشت چوون و دەست بەسەر چەندین میلیارد تمەن بار و کەلوپەلیان داگیراوە.