ڕێوڕەسمی یادی 30 ساڵەی بۆمبارانی شیمیایی شاری سەردەشت ئاوێتەی دروشم و ناڕەزایەتییەکان بە کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکارانی ناوچە سنوورییەکان کرا.
ڕۆژی چوارشەممە، 7ی پووشپەڕ بەبۆنەی یادی 30 ساڵەی کارەساتی بۆمبارانی شیمیایی شاری سەردەشت، نوێنەری چالاکانی مەدەنی لە هەموو شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت لەکستان و کرماشان و ورمێ لەو شارە کۆبوونەوە و بە دەربڕینی ناڕرزایەتی و هاتنە سەرشەقام، سەبارەت بە “دیاردەی کۆڵبەری” و هەروەتر “کوشتنی کۆڵبەران” هەڵوێستی توندیان دەربڕی.
لەو ڕێوڕەسمەدالەگەڵ ئەوەی پەیامی سەرەکیی خۆپێشاندەران تەرکیزکردن لەسەر شێوە نوێیەکانی کارەسات و ڕەگەزکوژی بوو، بەڵام هاوکات بە بەرجەستەکردنەوەی کێشەی کرێکۆڵان بە نیاز بوون وێرای دەربرینی هاوخەمی لەگەڵ خەڵکی سەردەشت, زامی کۆن و نوێ لێک گرێ دەنەوە و بەبیر هەمووانی بێننەوە کە کورد هەروا بەشێوەیەکی سیستماتیک ڕەگەزکوژی دەکرێ.
پەیامێکی دیکەی چالاکان لە ڕێوڕەسمی یادی 30 ساڵەی بۆمبارانی شیمیایی شاری سەردەشت ئەوە بوو کە پێویستە نوخبە و هەڵسووراوی مەدەنی لە نێوخۆ لەگەڵ شەقام ئاشت بنەوە و چیتر تەنیا بە بڵاوکردنەوەی واژۆی سایبێری و مەجازی هەڵوێست دەرنەبڕن و زیاتر شان وەبەر بەرپرسیارەتی بدەن.
شایانی باسە ڕێوڕەسمی ئەمساڵ بە هۆی بەشداریی چالاکانی هەموو شار و ناوچە دوور و نیزیکەکانی ڕۆژهەڵات، روخسارێکی نیشتماتی و جیاوازتری هەبوو لە ساڵان.