نووسینی: خوشكی شوانه
رۆژی 7ی پووشپه‌ڕی 1366 هیچ كه‌س بیری له‌وه نه‌ده‌كرده‌وه كه ئه‌و كاره‌ساته گه‌وره دژی مرۆییه تووشی شاری جوانی سه‌رده‌شت بێ.
هه‌موو خه‌ڵك ده‌گه‌ڵ تۆپ‌و بۆمبارانی هه‌وایی راهاتبوون به‌ڵام ئه‌و جاره جیاوازیی هه‌بوو ئه‌هریمه‌نی مه‌رگ سێبه‌ری به‌سه‌ر شاردا كێشا بوو.
من وه‌ك كه‌سێك كه قوربانی ئه‌و جینایه‌ته بووم پێم وایه گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌ری ئه‌و جینایه‌ته بۆ من مه‌رهه‌مێك بێت‌و خوێنه‌رانیش ده‌گه‌ڵ گۆشه‌یه‌ك له‌م جینایه‌ته دژی مرۆڤایه‌تییه ئاشنا ده‌كه‌م.
له‌و رۆژه ره‌شه‌دا ته‌نیا دوازده ساڵانه بووم ده‌گه‌ڵ دوو برای چووكتر له خۆم بۆ شت كڕین چووبووینه بازاڕ تاكوو شت بكڕین، ئه‌وان له من جیا بوونه‌وه‌و چوونه پاركی ناو شار منیش چوومه گۆڕه‌پانی “سه‌رچاوێ” كه له نێوه‌ندی شار دایه، له ناكاو فرۆكه‌كان هاتنو شاریان بۆردمان كرد. خه‌ڵك له ترسان هه‌ر كه‌سه‌و بۆ لایه‌ك هه‌ڵده‌هات، هیچ كه‌سێك بیری نه‌ده‌كرده‌وه كه شار بۆردمانی شیمیایی كراوه به‌ڵام كه‌م كه‌م وه‌دیار كه‌وت كه شیمیایه و به‌و هۆیه‌وه خه‌ڵك زۆرتر هه‌راسان بوون و ئاویان بهدموچاویان دادهكرد. منیش هه‌رجۆرێك بوو خۆم گه‌یانده‌وه ماڵێ. دیتم به‌شێك له خه‌ڵك بۆ سه‌ر تهپۆڵكهكان ههڵاتوونو به‌شێك له خه‌ڵكیش له ژێر زه‌مینه‌كاندا خۆیان شاردۆته‌وه. ته‌نیا بابم له ماڵ بوو له براكانمی پرسی وتم له من جیا بوونه‌ته‌وه، به خێرایی بۆ دۆزینه‌وه‌یان چوو بۆ بازار. به بابم وت بابه گیان شار بۆمبارانی شیمیایی كراوه ترسناكه، وتی نا كچم بۆنی باڕووتهو رۆیشت ئه‌و ته‌واوی شار گه‌ڕابوو به‌ڵام نهیدیتبوونهوه كاتێك گه‌ڕایه‌وه زۆر ناراحه‌ت بوو. به‌ڵام به‌خۆشیه‌وه دوای ماوه‌یه‌ك ئه‌وان هاتنه‌وه. كه‌م كه‌م فرمێسك له چاوانم هاتنه خوارێ وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ئاوریان گرتبێت. چاوم خه‌ریك بوون تاریك ده‌بوون، حاڵه‌تی رشانه‌وه‌م هه‌بوو و دهكۆخیم پێستیشم كه‌مێك بلۆقی كردبوو، هه‌ر زوو بابم منی گه‌یانده نه‌خۆشخانه.
نه‌خۆشخانه وه‌ك سه‌حرای مه‌حشه‌ر وابوو پڕ بوو له بریندار‌و به‌ركه‌وته، سێرۆمیان لێ پێوه‌ند كردم‌و خه‌ریكی چاره‌سه‌ر كردنم بوون. زۆربه‌ی نه‌خۆشه‌كان له حه‌ساری نه‌خۆشخانه خه‌وێنرابوون چونكه ئیمكانات نه‌بوو ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی كه وه‌زعیان خرابتر بوو بۆ شاره‌كانی دیكه‌یان رادهگواستن. له دواییدا ده‌گه‌ڵ بابم گه‌رامه‌وه ماڵێ. نه‌خۆشیه‌كه‌م رۆژ به‌رۆژ زیاتر ئازاری ده‌دام، ده‌كرێ بڵێم شار چۆل ببوو، رۆژ رابرانو خه‌ڵكی شار تووشی كاره‌ساتێك بوون كه ئێوه خوێنه‌رانی خۆشه‌ویست تا راده‌یه‌ك لێی ئاگادارن‌و دووباره‌كردنه‌وه‌ی باش نیه، نزیك به سه‌دان شه‌هید و نزیك به ده‌هه‌زار بریندار.
هاوین رابردو كاتی كرانه‌وه‌ی قوتابخانه‌كان هاتو منیش چومه‌وه قوتابخانه به‌ڵام هه‌ناسه سواری‌و كۆخه‌ی زۆر ئازاریان ده‌دام نه‌مده‌توانی وه‌رزش بكه‌م، ته‌نانه‌ت به‌داخه‌وه كه‌شی ئه‌وكات به جۆرێك بوو كه هێندێك كه‌س خۆیان له‌من دوور راده‌گرت و منیش پێم خۆش نه‌بوو هیچ كه‌س پێم بڵێ شیمیایی بوویی چونكه ئه‌و كات خه‌ڵك به چاوێكی سووك چاویان له‌و جۆره كه‌سانه ده‌كرد.
چه‌ند مانگێك له قوتابخانه رابردو منیش هه‌رچۆنێك بوو ده‌چومه‌وه بۆ قوتابخانه به‌ڵام نه‌خۆشیه‌كه‌م هێنده‌ی ئازار ده‌دام كه هێزی چوونه قوتابخانه‌ی لێگرتم هێندێك جار له رێگای قوتابخانه به هۆی هه‌ناسه سواری زۆر هێزی هاتنه‌وه ماڵه‌وه‌م نه‌بوو كه هاوپۆلییه‌كانم دهیانهێنامهوه ماڵێ. به‌داخه‌وه كه‌م ده‌رامه‌تیی بابم و خێزانداری هه‌ڵی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌دا به بابم بۆ چاره‌سه‌ر كردن بۆ شاره‌كانی دیكه‌م ببات. به‌ڵام دواتر به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بوو هاوكاری هێندێك له خزمان و دراوسێكان بوو به هۆی ئه‌وه‌ی كه بابم من ببات بۆ ورمێ و ماوه‌یه‌ك له‌وێ له‌ژێر چاوه‌دێری دا بووم. كه‌مێك باش ببومه‌وه به‌ڵام له دوای چه‌ند مانگێك دووباره وه‌ك خۆم لێ هاته‌وه.
دوو ساڵ‌و ماوه‌یه‌ك رابردو نه‌خۆشی ژیانی له من تاڵ كردبوو، هێندێك جار ته‌نانه‌ت نه‌مده‌توانی له حه‌ساری ماڵی خۆمان را بچمه‌وه بۆ ژورێ، هێنده هه‌ناسه‌م سوار ده‌بوو كه منیان ده‌برده لای دوكتۆر. به هۆی داواكاریی یه‌كێك له دوكتۆره‌كان بابم به هه‌ر بهدبهختیهك بوو منی بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ته‌ورێز برد. له دوای پشكنین دوكتۆر پێی وتم كه شیمیاییم و منیش زۆر گریام و بابیشم وتی دوكتۆری به‌رێز مافی ئه‌وه‌ت نیه قسه‌ی وا به كچه‌كه‌م بڵێی ئه‌و نه‌خۆشیه‌كی دیكه‌ی هه‌یه‌و به‌هۆی سه‌رما وای لێهاتووه. دوكتۆر وتی من دوكتۆرم نه‌ك ئێوه و كچه‌كه‌ت ده‌بێ ماوه‌یه‌ك لێره بمێنێته‌وه تاكوو باشتر بێت. له ماوه‌ی مانگێك دا كه له‌وێ بووم كه‌مێك باشتر ببووم بابم ویستی بمباته‌وه سه‌رده‌شتێ به‌ڵام دوكتۆر وتی كه ده‌بێ ماوه‌یه‌كی زۆرتر لێره بمێنێته‌وه. به‌ڵام من پێم خۆش نه‌بوو له شاری غه‌ریب وه‌مێنم، ده‌گه‌ڵ بابم گه‌ڕاینه‌وه بۆ سه‌رده‌شت. ویستم درێژه به خوێندن بده‌م به‌ڵام نهمتوانیو به ناچاری وازم له خوێندن هێناو له هاوپۆلییه‌كانم جیا بوومه‌وه. كات وه‌ك هه‌ور راده‌برد، من هه‌روا به‌هۆی نه‌خۆشیه‌كه‌مه‌وه ئازار ده‌چێژم چه‌ند جاری دیكه‌ش بۆ شاره‌كانی مه‌هاباد و ورمێ رۆیشتم به‌ڵام هیچ ئاكامێكی نه‌بوو.
هاوینی ساڵی 1372 بوو له‌گه‌ڵ بنه‌ماله‌كه‌م بۆ دابین كردنی بژێوی وه‌كوو خه‌ڵكی كه‌م ده‌رامه‌تی ناوچه چووبووینه كوره‌خانه‌ی خشت بڕی له “مه‌ره‌ند”. ئاخری هاوین ده‌گه‌ڵ براكانم كه ده‌یانویست بچنه‌وه قوتابخانه ویستم بچمه‌وه بۆ سه‌رده‌شت تا ئه‌و كات بۆ هه‌ناسه سواریهكهم كه‌ڵكم له ئیسپێری (سالبوتامول) وه‌ر ده‌گرت ـ هه‌ڵبه‌ت ئێستاش ناتوانم به بێ ئه‌و هه‌ناسه هه‌ڵكێشم. له ته‌ورێز سواری ئوتوبوسی مه‌هاباد بووین ده‌خوله‌ك ده‌بوو كه ئوتوبوسهكه وه‌رێ كه‌وتبوو من ویستم كه‌ڵك له ئیسپیرییهكه وه‌رگرم به‌ڵام له ناو تاكسی شار دا لێم به‌جێ مابوو. هێنده‌م فشار بۆ هات كه خه‌ریك بوو ده‌خنكام براكه‌م مه‌سه‌له‌كه‌ی به شۆفیره‌كه وت و پێی وت كه وهگهرێ به‌ڵام به قسه‌ی نه‌كردین، كه‌م كه‌م مردنم به‌چاوان دیت یه‌كێك له موسافیره‌كان به براكه‌می وت كه خوشكت چیه‌تی خه‌ریكه ده‌مرێ. ئه‌ویش وتی كه هه‌ناسه سواریه‌تی و ئیسپێریی هه‌ناسه‌كه‌ی لێ به‌جێ ماوه. ئه‌و رۆژه گه‌وره‌یی خوام بۆ ده‌ر كه‌وت چونكه ئه‌و موسافیرهش نه‌خۆشیی هه‌ناسه سواری هه‌بوو ئه‌و ئیسپیریی هه‌ناسه‌ی پێ‌بوو ئه‌وی دا به من و من له مردن رزگارم بوو.
خوێنه‌ری خۆشه‌ویست نامهه‌وێ به باس كردنی ئازاره‌كانی خۆم كه نموونه گه‌لێكی زۆر بچووك له كاره‌سات دیتوانی ئه‌و شاره‌ن كاتی به نرخی ئێوه بگرم. هه‌ر رۆژ كه به ته‌مه‌نمه‌وه زیاد ده‌بێ تووشی نه‌خۆشی گه‌لێكی دیكه وه‌ك ناره‌حه‌تی ده‌مار و لاوازی ئێسك بووم و هه‌میشه له ژێر چاوه‌دێریی دوكتۆر دام كه ته‌نانه‌ت ناتوانم كاره‌كانی ماڵه‌وه‌ش به ته‌نیا راپه‌ڕێنم و هاوسه‌ره‌كه‌م هاوكاریم ده‌كات. ئێستا كه خه‌ریكی نووسینی ئه‌و بیره‌وه‌ریانه‌م هاوكاته ده‌گه‌ڵ ساڵرۆژی بۆمبارانی سه‌رده‌شت، دوای ماوه‌یه‌ك كه له نه‌خۆشخانه كه‌وتبووم ئه‌مرۆ هاتوومه‌ته‌وه ماڵێ. به‌ڵام ئێستاش كه ئێستایه دوو پرسیار به ته‌واوی له لام بێ وه‌ڵام ماونه‌ته‌وه كه بۆ ته‌نیا ناوچه كوردنشینه‌كان هێرشی شیمیاییان كرایه سه‌ر؟ و دووهه‌میش بۆچی له‌دوای تێپه‌ر بوونی ئه‌و هه‌موو ساڵه تازه باس و قسه له‌و روداوه ده‌كرێ و كۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی بێده‌نگییان له‌و كاره‌ساته دژی مرۆییه كرد.
نێبینی: ئه‌و بیره‌وه‌ری یه له 19 ساڵه‌ی بۆمبارانی شیمیایی سه‌رده‌شت دا نووسراوه.
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ری کوردستان و کورد