چاونیوز: ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سنە هەڕەشە لە بنەماڵەی “کەیومەرس لەتیفی”، یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی شاری سنە دەکەن و پێیان وتوون کە بە هیچ شێوەیەک نابێ گرتنی ناوبراو بەمیدیایی بکەن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بنەماڵەی کەیومەرس لەتیفی بانگ دەکەن و چەند کاتژمێر لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکەن. لەو چوارچێوەیەدا حاجی “بەیاتی” کە یەکێک لە کارمەندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەیە، هەڕەشەی لە بنەماڵەی لەتیفی کردووە و پێیانی وتووە دەبێ لەمەڕ ئەو دۆسیەیە بێدەنگ بن و هەروەها بە “فەرید لەتیفی”ـش کە لە ئاڵمانە بڵێن دۆسیەی گرتنی کەیومەرس لەوە زیاتر بەمیدیایی نەکات.
حاجی بەیاتی، لە درێژەی هەڕەشەکانیدا وتوویە: “فەرید پێی وایە ئێمە لە ئاڵمان دەسەڵاتمان نییە، بەڵام ئەگەر بمانهەوێ لە خولەکێکدا گیانی لێ دەستێنین. زۆر گەورەتر لەویشمان کوشتووە. ئەگەر درێژە بدات بە میدیاییکردنی ئەم دۆسیەیە با بزانێت خۆی بەرپرسە لە گیانی خۆی.”
شایانی باسە کە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە هەڵیانکووتابووە سەر ماڵی کەیومەرس لەتیفی تەمەن ٤١ ساڵ، یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی شاری سنە و ناوبراو لەو کاتەوە کە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەسبەسەرە.