چاونیوز: جاوید ڕەحمان، ڕاپورتێری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران، داوا لە کۆمەڵگەی جیهانیی دەکا کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی لەهەمبەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران ناچار بە وڵامدانەوە بکەن.
جاوید ڕەحمان، ڕاپورتێری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا لەهەمبەر پێشێلکارییە مرۆییەکان لە ئێران، ڕۆژی هەینی ٢٢ ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانی بەهۆی چوونەسەری ئاستی لە سێدارەدان، دانپێدانانی زۆرەملێ بەهۆی ئەشکەنجەوە، پێشێلکردنی یاساکان و توندوتیژی و سەرکوتی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان تۆمەتبار کرد و داوای لە کۆمەڵگەی جیهانیی کردووە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەهەمبەر پێشێلکارییە مرۆییەکانیان لە ئێران ناچار بە وڵامدانەوە بکەن ولێکۆڵینەوەیان لێ بکەن.
جاوید ڕەحمان لە ڕاپۆرتەکەیدا بەئاماژە بە سەرکوتی دڕندانە و بەربڵاوی ناڕەزایەتییەکانی زیاتر لە ٢٠ شاری پارێزگای خووزستان لەهەمبەر کەمیی ئاوی خواردنەوە و داخرانی هێڵەکانی ئینتێرنێت لە هاوینی ڕابردوودا وتی: ئەو کارەساتە یەکێکە لە قورسترین شێوەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ کە لە پاییزی ڕابردوودا سەرکوتی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان لە شارەکانی ئیسفەهان، لوڕستان، تەورێز، تاران و کەرەج لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە درێژەی هەبووە.
ناوبراو هەروەها لە درێژەدا، سەرەڕای ئاماژە بە کوشتنی زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە خەڵکی سنوورنشینی ئێران لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆ وتی: ئەم کوشتارە زیاتر خەڵکی بەلووچ دەگرێتەوە کە لە سنوورەکان نانیان دەفرۆشت و لەلایەن هێزە دژە مرۆییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کوژراون و هەروەها ئەو کۆڵبەرانەی کە لە سنوورەکانی کوردستان بۆ دابینکردنی پاروە نانێک لەلایەن هێزە چەکدارەکانی رێژیمەوە دەرێنە بەر دەسڕێژی گولـلە و گیانیان لێ دەستێندرێ.
ڕەحمان هەروەها لە ڕاپۆرتەکەیدا سەرەنجی کۆمەڵگەی جیهانیی بۆ لای هەڵکشانی ئاماری سێدارەدان لە ئێران ڕاکێشاوە و لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێ: ئاماری هەڵکشانی لە سێدارەدان بە تایبەتیی لە کەمینە نەتەوەکاندا ڕوو لە هەڵکشانە و لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ٤٠ کەسی بەلووچ و ٥٠ کەسی کورد کە لە نێوانیاندا ژنیش بەرچاو دەکەوێ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕێژیمەوە لە سێدارە دراون.