چاونیوز: مامۆستایەکی خاوەن بڕوانامەی دوکتۆرا، لەسەر وانەوتنەوە بە زمانی کوردی و هەروەها فێرکردنی زمانی دایک بە خوێندکاران، لە زانکۆی مەهاباد دەرکرا.
بەپێی هەواڵی چاونیوز: دکتۆر “سابیر عەبدوڵاهیزادە”، خەڵکی شاری ورمێ و مامۆستای زانکۆ، پاش ئەوەی کە بڕوانامەی دوکتۆرای ماف و یاسا نێودەوڵەتییەکانی لە زانکۆی هەمەدان وەرگرتووە، لە هەمان ساڵدا لە زانکۆی مەهاباد وەکوو مامۆستا وەرگیراو و سەرقاڵی وانەوتنەوەی بواری پێوەندیداری بڕوانامەکەی بووە و هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا خوێندکارانی فێری زمانی کوردی کردووە، بەڵام لەلایەن بەرپرسانی زانکۆی مەهابادەوە بە هۆکاری فێرکردنی زمانی کوردی و وانەوتنەوە بە زمانی کوردی دەرکراوە.
ئەو مامۆستایە لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە کە، لەسەر خۆشەویستی و گرینگیدان بە زمانی دایکی، هەوڵی بۆ کۆکردنەوە فەرهەنگنامەیەکی بواری ماف و یاسا بە زمانی کوردی داوە و لەسەر فێرکردنی خوێندکارانی بە زمانی کوردی، لەو زانکۆیە دەرکراوە.
مامۆستا عەبدوڵاهیزادە لەم پێوەندییەدا وتوویەتی: “من بە هۆکاری شوناس و کاری ئاکادیمیک و زانستی لە زانکۆ دەرکراوم، لە زانکۆی مەهاباد وانەی ماف و یاسام دەوتەوە؛ زۆربەی هەرە زۆری خوێندکارانم کورد بوون و ئێمە بە زمانی کوردی وانەمان دەخوێند، پێم وایە بەو شێوەیە باشتر دەمانتوانی لە یەکتر تێبگەین و بەو شێوازە کاریگەرتر بوو، بۆیە بیرم لە فەرهەنگەنامەیەکی کوردی کردەوە، چۆن پێم وایە دەبێت لە چوارچێوەی هەوڵە جیهانییەکان و لە پێوەندی بە وەرگرتنی ماف و یاسا بە زمانی کوردی کار و چالاکی بکەین”.
ناوبراو کە هەنووکە لە وڵاتی تورکیە پەنابەرە، پێشتر فەرهەنگنامەیەکی بواری ماف و یاسای بە زمانی کوردی کۆ کردووەتەوە کە ٢٠٤ لاپەڕەیە و ١٢٢٤ دەستەواژە و چەمکی پێوەندیدار بە ماف و یاسا نێودەوڵەتییەکان لەو فەرهەنگەدا گونجاوە و زۆربەشیان لە زمانی ئینگلیزی وەرگێڕدراونەتەوە.