دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە حوکمی 10 ساڵ زیندانیی بەندکراوێکی سیاسیی کوردی پشتڕاست کردەوە.
ڕۆژی دووشەممە، 8ی جۆزەردان دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە حوکمی دادگای سەرەتایی لە سەر پەروەندەی حوسێن دانشمەند، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی بانەی پشتڕاست کردەوە. حوسێن دانشمەند کە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ وڵاتێکی بیانی و هەوڵدان لە دژی ئەمنیەتی وڵات دەسبەسەر و بە بڕیاری دادگای سەرەتایی سزای 10 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپابوو، ئەو حوکمە وەک خۆی لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنەوە پشتڕاست کرایەوە.
حوسێن دانشمەند ڕەشەمەی ساڵی 1394ی هەتاوی لەگەڵ براکەی بەناوی حەسەن لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە گیران. لە ڕەوتی دادگاییکردنی ئەو دوو برایەدا حەسەن دانشمەند لە تاوان بێبەری کرا، بەڵام حوسێن سزای 10 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپا.
حوسێن دانشمەند کە لە ماوەی گیران و دەسبەسەری و دادگاییکردنیدا پارێزەری نەبووە، ئێستا لە زیندانی ناوەندیی سنە بەندکراوە و ماوە حوکمەکەی تێپەڕ دەکا.