29 نوێنه‌ری پاڕلمانی ئورووپا به بڵاوکردنه‌وه‌ی نامه‌یه‌ک داوایان له کاربه‌ده‌ستانی ئێران کردوه که پێش هه‌ڵبژاردنه‌کان ڕۆژنامه‌نووسان و زیندانیانی سیاسیی و به‌ڕێوه‌به‌رانی کاناڵه تێلێگرامییه‌کان که پێش هه‌ڵبژاردن گرتوویانن ئازاد بکرێن.
ئه‌و 29 نوێنه‌ره‌ی پاڕلمانی ئورووپا ده‌ڵێن ئاکامی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه شوێنکاری قووڵی به‌سه‌ر پێوه‌ندییه‌کانی ئێران و یه‌کیه‌تیی ئورووپاوه ده‌بێ، بۆیه پێویسته هه‌ڵبژاردنه‌کان ئازاد و دێموکراتیک بن و له ژێر چاوه‌دێریی ناوه‌ند و چاوه‌دێرانی سه‌ربه‌خۆدا به‌ڕێوه‌بچن.
له‌و نامه‌یه‌دا که ڕوو به فێدریکا موگرینی، به‌رپرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌کیه‌تیی ئورووپا نووسراوه، پێی گوتراوه که ئه‌م داوایه له‌گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی ئێران بێنێته گۆڕێ و ئه‌وان له بابه‌ته بگه‌یه‌نێ که په‌ره‌سه‌ندنی پێوه‌ندییه‌کانی نێوان یه‌کیه‌تیی ئورووپا و کۆماری ئیسلامیی ئێران کاتێک مسۆگه‌ر ده‌بێ که ئه‌و وڵاته به رێزه‌وه له‌گه‌ڵ ماف و داواکانی خه‌ڵکه‌که‌ی بجووڵێته‌وه.
نوێنه‌رانی پاڕلمانی ئورووپا که نامه‌که‌یان ئیمزا کردوه، به ئاماژه ڕه‌وتی گرتن و له به‌ندکردنه‌کانی مانگه‌کانی ڕابردوو له ئێران نووسیویانه: سه‌رکوتی جیابیران و ده‌نگه ناره‌زایه‌تییه‌کان به‌ر هه‌ڵبژاردن زیاتر بووه. خه‌ڵکێکی زۆر له ڕۆژنامه‌نووسان و چالاکانی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان گیراون و به‌ندیخانه‌کانیان پڕ له خوێندکاران و چالاکانی مه‌ده‌نی کردوه، هه‌ر بۆیه ده‌بێ سیاسه‌تی زاڵ به‌سه‌ر کۆنتڕۆڵکردنی ئێنتێرنێت و تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ببڕێته‌وه و ڕۆژنامه‌نووسان و زیندانیانی سیاسی به‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌کان ئازاد بکرێن.