چاونیوز: ساڵانە لە ئێراندا یەک میلیۆن و ٢٣٠ هەزار کەس بەهۆکاری جۆراوجۆر هەوڵی خۆکوژیی دەدەن و ڕێژەیەکی بەرچاویان بەو هۆیەوە گیانیان لەدەست دەدەن.
حەبیبوڵا مەسعوودی فەرید، جێگری کاروباری کۆمەڵایەتیی ناوەندی بێهزیستیی ئێران بە سەرچاوەکانی هەواڵی ڕاگەیاندووە: “ئامارەکانی پێوەندیدار بە خۆکوژیی لەلایەن پزیشکیی یاساییەوە بڵاو دەکرێتەوە و لە ساڵەکانی ٩٨ و ٩٩ی هەتاوی باسێکی گرینگ کە لەسەر هەوڵدان بۆ خۆکوژیی و ئەو خۆکوژییانەی کە بوونە هۆی گیان لەدەستدان ئەنجامدراوە. ئەو کەسانەی کە هەوڵی خۆکوژییان داوە و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان و نەخۆشخانەکان گوازراونەتەوە، تۆمار نەکراون.”
ناوبراو هەروەها وتی: “ئەگەر بمانهەوێ ڕێژەی ئەو هەوڵە خۆکوژییانە کە دەبنە هۆی گیان لەدەستدان بەراورد بکەین، دەبێ رێژەی خۆکوژییە تۆمارکراوەکان لە پزیشکیی یاسایی ٣٠ هێندە بەرز بکەینەوە و ئەو جارە ئاماری خۆکوژییەکان دەردەکەوێ و بەو پێیە ساڵانە یەک میلیۆن و ٢٣٠ هەزار کەس لە ئێراندا هەوڵی خۆکوژیی دەدەن.”
جێی ئاماژەیە کە دۆخی خراپی ئابووری، نەبوونی هیوا بە داهاتوو، گوشارە دەروونییەکان و کێشەی بنەماڵەیی بەشێکن لەو هۆکارانەی کە تاکەکان ناچار دەکەن پەنا بۆ خۆکوژیی ببەن و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ناکارامەیی بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرینگینەدانی ئەو دەسەڵاتە نابەرپرسیارە بە دۆخی ژیانی خەڵکی وڵات.