چاونیوز: درێژەی بەشی سی و دووهەم…
لە ١٩٤٨ هەتا ئێستا:
دوامین سەردەمی مێژوویی توێژینەوەکەمان لە ساڵی ١٩٤٨ هەتا ئێستایەو ٧٠ ساڵ زیاتر لەخۆ دەگرێ. لەم ماوە نەزۆر درێژە، کاریگەری ڕووداوەکانی پێشوو بەجوانی لە خواستی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بۆ ئاوڕدانەوەی جدی پرسی مافەکانی مرۆڤ دەردەکەون.
گرنگترین و یەکەمین بوویەری مافی مرۆیی ئەو سەردەمە پەسند کردنی “ڕاگەیەنراوی جیهانی مافەکانی مرۆڤ”ــە؛ ئەم بەڵگەیە بریتییە لە سەرەتایەک و سی بڕگە کە لە ١٠ دێسامبری ١٩٤٨ بە ٤٨ دەنگی ئەرێ لەکۆی گشتی ٥٦ دەنگی وڵاتانی ئەندام لەلایەن کۆمەڵەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسند کرا. ئەو داخۆیانینامەیە کە وەدیهاتن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بە مەزنترین ئاواتی مرۆڤایەتی دەزانێ، ئەمڕۆکە وەک گرنگترین سەرچاوەی مافی مرۆڤ لە جیهان، بناخەی سەرجەم پەیمانامە و بەڵێنییەکانی مافەکانی مرۆڤ پێک دێنێ.
دوای واژۆ کردنی ئەو ڕاگەیەنراوە دیرۆکییەی هەتا ساڵی ١٩٩٦ سێ بەڵگەی مافی مرۆڤی دیکە بەناوەکانی پەیمانی نێودەوڵەتی مافی سڤیل و سیاسی، پرۆتۆکۆلی دڵخوازی پەیوەندی کۆنڤانسیۆنی نێودەوڵەتی مافەکانی مەدەنی و سیاسی و پەیمانی نێودەوڵەتی مافە ئابورییەکان، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیـش پەسند کران کە بە تەواوکەری جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ دەژمێردرێ. لە نێوەڕاستی ئەم چاخە و بە داڕمینی سیستەمی دووجەمسەری لە ساڵەکانی ١٩٨٩، کەشی لەبار بۆ گەشەی ئامانجەکانی مافی مرۆڤ کراوەتر بوو و سەربەخۆیی دوابەدوای یەکی وڵاتانی بلوکی ڕۆژهەڵاتی و سەربەست بوونیان لەژێر ئاڵای یەکێتی سوڤیەت، ئەکتەرانی گۆڕەپانی خوازیار بۆ پرسەکانی مافی مرۆڤ زیاتر بوون. دوای ئەمە لە کۆنفرانسی ١٩٩٣ی ڤییەن بەتەکەسی کردن لەسەر یۆنیوێڕساڵ(جیهان داگری) و ڕۆڵی سەرەکی مافەیلی مرۆڤ، زیان وێکەوتنی چینی تایبەت وەک ژنان، مناڵان، کەمینەکان، خۆوڵاتییەکان، کەم ئەندامان و کرێکارانی کۆچەر، دێموکراسی و کۆمەڵگای مەدەنی، بەستێنێک بۆ دامەزراندنی کۆمیساریای بەرزی مافەکانی مرۆڤ خۆش کرد کە وڵاتانی جیهانیش پێشوازیان لێکرد.
کۆنفرانسی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لە ١٩٩٤ کە لە ڤییەن بەڕێوەچوو و ١٧١ وڵات دانیان پێدانا، بڕگەیلی ئابوری و کۆمەڵایەتی زیاتر بایەخی پێدرا و بە ئاماژە بە پێوەندی نێوان جیلە جۆربەجۆرەکانی مافی مرۆڤ، ئەوانی وەک پرسێکی جیهان داگر و سەربەیەک زانی و ناساند. (ڕێپۆرتەری تایبەتی مافی مرۆڤ لە ئێران، یەکێک لە هەواڵدەرانی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە ئەرکدارە بۆ چاوەدێری و هەڵسەنگاندنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران. ساڵی ١٩٨٤ کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاندرێس ئاگوئیلاری وێنزۆئێلایی وەک یەکەم ڕێپۆرتەری تایەبت بە ئێران دەست نیشان کرد و لە ساڵی ٢٠١٨ــشەوە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان جاوید ڕەحمانی وەک نوێترین ڕیپۆڕتەر ناساند کە بووە جێگرەوەی خاتوو عاسیمە جەهانگیری).