چاونیوز: دوو هاونیشتمانی خەڵکی شارەکانی بۆکان و میاندواو دوای ئەوەیکە بۆ دادگا بەڕێ کران، بەبێ بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا بۆ زیندانی مهاباد گوازرانەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، ڕۆژی شەممە ٥ی بانەمەڕی ١٤٠٠، دوو هاونیشتمانی بەناوەکانی “جەماڵ یووسفی” خەڵکی ئاوایی “موشیراباد”ـی سەربە شاری بۆکان و “حوسێن ئیبراهیم حەمزە” دانیشتووی ئاوایی “قەرەگۆڵ”ـی سەر بە شاری میاندواو، کە زیاتر لە ٢٧ مانگە(ڕێبەندانی ١٣٩٧) چارەنووسیان لە بەندیخانەی مهاباد نادیارە، بانگی دادگای شۆڕشی ئەو شارە کران بەڵام بێ ئەوەیکە دادگایی بکرێن جارێکی دیکە بۆ زیندان گوازرانەوە.
تۆمەتی وەپاڵ دراوی ئەو دوو هاونیشتمانییە “هاوکاری دەگەڵ یەکێك لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری نیزام” ڕاگەیەندراوە.
ئەو دوو کەسە دوای کۆتایی هاتنی قۆناغی لێپرسینەوەیان سەرەتا بۆ زیندانی بۆکان و دواتر بۆ بەندیخانەی مهاباد گوازرابوونەوە.
جەماڵ یوسفی و حوسێن ئیبراهیم حەمزە پێشتریش لە ساڵی ١٣٩٥ دوای نزیک بە یەک ساڵ دەسبەسەر کران، بەدانانی بارمتە بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوون.