چاونیوز: درێژەی بەشی سی و یەکەم…
ئەم دەورانە پڕلە سامە کە هاوکات دەگەڵ دوو شەڕی گەورەی ترسێنەر بوون، کاکڵی سەرەکی سەرنج و بایەخ دان بە مافەکانی مرۆڤی ئەوڕۆیی خۆیا کرد. لەم بڕگە زەمەنییە بوو کە گرنگی نەدان بە مافەیلی بنیام وەک یەکێک لە هۆکارەکانی دەستپێکی شەڕ و بەردەوام بوونی، ویژدانی مرۆڤایەتی هەژاند و بە گوورانی بیرۆکەی نووسینەوەی بەڵگەی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ لە ڕوانگەی وڵاتانی سەرکەوتوو، بەستێنی ئامادەکردنی بەڵگەی مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی ١٩٤٨ ئامادە کرا. بایەخ و گرنگی ئەم سەردەمە زۆرتر لە بواری پێکهاتنی بەستێنێکی لەبار بۆ داخوازی مرۆڤایەتی لەمەڕ ڕاگەیاندنی بەڵگە دڵنیاکەرەوەکان لەسەر پرسەکانی مافی مرۆڤە کە لە دەورانەکانی دیرۆکی دواتر زیاتر دەگونجا، هەتا بڵاوکردنەوەی بەڵگە نێودەوڵەتییە کاریگەرەکان. هۆکاری سەرەکی ئەوەش تێوەگلانی جیهان لە دوو شەڕی قورس و گرانی یەکەم لەنێوان ساڵەکانی ١٩١٤-١٩١٨ و شەڕی دووهەم لە ساڵەکانی نێوان ١٩٣٩-١٩٤٥ بوو کە وەک سەردەمی کاریگەری سەدەکانی نێوەڕاست، هەرچەندە کە تێیدا لەبواری مافی مرۆڤییەوە گۆرانکاری زۆر بەرچاو نەهاتە ئاراوە، بەڵام زەمینەی لەباری بۆ دەورانی دوای خۆی چەوڕێژ کرد!
جیلی دووهەمی مافەکانی مرۆڤ لەم چاخەوە دەست پێدەکات. پەیامی فرانکڵین ڕوزوێڵت سەرکۆماری ئەوکاتی ئەمریکا لە ١٦ی ژانوییەی ١٩٤١ بۆ کۆنگرە و وەبیرهێنانەوەی پێویستی هەبوونی سەرجەم تاکەکانی جیهان لە چوار ئازادی سەرەکی(ئازادی بەیان، ڕاگەیاندن(چاپەمەنی)، دەرباز بوون لە ئاتاجی(نیاز)، ئایین و مەڕامی سیاسی) بە جیلی دووهەمی مافەیلی مرۆ دەژمێردرێن کە هەرچەندە دواتر کەوتنە ژێرکاریگەری شەڕی سارد و هەتا ڕادەیەکی زۆریش دامڕکا. بەشێکی دیکە لە مافی ئابوری و کۆمەڵایەتی وەک مافی دابین کردنی کۆمەڵایەتی(تامین اجتماعی)، مافی کار و ئاستی بژێوی ژیان و پەروەردەی لەبار کە بە گونجاندنی کاریگەری وڵاتانی سوسیالیستی لە دەقی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ زیاد کرا، لە پتەوکردنی ڕەوتی جیلی دووهەم قازانجی خۆی هەبوو.