چاونیوز: هاونیشتمانییەکی خەڵکی سەقز کە سەرەتای سەرماوەزی ساڵی ٩٩ی هەتاوی، پاش بانگکرانی بۆ دادگای ئینقلابی شاری سەقز دەسبەسەر کرابوو، لە لایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، سزای چوار ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان( چاونیوز)،کۆتایی بەفرانباری ئەمساڵ، هاونیشتمانییەکی خەڵکی سەقز بە ناوی “ئەحمەد محەممەدی” لە لایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی سەقزەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر “جەواد مستەفایی” سزای چوار ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
بەپێی ئەو بەڵگەنامەیە کە ئێستا لە بەردەستدایە، ئەحمەد محەممەدی بە تۆمەتی هاوکاریکردن و ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی دژبەری ڕێژیم سزای چوار ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز، ماوەی سزاکەی تێپەڕ دەکات.
شایانی باسە کە “ئەحمەد محەممەدی” خەڵکی گوندی “وزمان”ی سەر بە ناوچەی سەرشیوی سەقز، ڕۆژی دووشەممە ٣ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، لە پاش بانگکرانی بۆ دادگای ئینقلابی سەقز، ماوەی کاتژمێرێک لێپێچینەوەی لێکرا و دواتر دەسبەسەر کرا.