چاونیوز: لەدرێژەی ڕەشبگیرییەکەی کوردستان سێ هاونیشتمانی دیکە لە شارەکانی پاوە، مهاباد و شنۆ دەسبەسەر کران، بەو سێ کەسە هەتا ئێستا ٨٠ کەس لە کوردستان لەو چەند ڕۆژەدا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە گیراون.
بەپێی هەواڵی چاونیوز، ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندانی ٩٩، چالاکێکی مەدەنی خەڵکی مهاباد بەناوی ئەرەستوو مەلاڕەحیمی دوای بانگ کرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات دەسبەسەر کرا.
هەروەها دوای حەوتوویەک لە دەسبەسەر کردنی هاونیشتمانییەکی خەڵکی دەڤەری باینگانی سەر بە پاوە بەناوی سەعید خالیدی هێشتا چارەنووسی نادیارە.
لەلایەکی دیکەشەوە، کاتژمێر دووی بەربەیانی ئەمڕۆ هەینی ١٠ی ڕێبەندان، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هێرش دەکەنە سەر ماڵی هاونیشتمانییەکی خەڵکی شنۆ بەناوی جەماڵ قاسمی و دوای بێ ڕێزی کردن و سووکایەتی دەگەڵ خۆیانی دەبەن.
جەماڵ قاسمی خێزاندارە و ئەندامی چالاکی ژینگەپارێزانی(ژینکۆ)ی شاری شنۆ بووە.