ئەمڕۆ ڕێکەوتی 23 تشرینی یه‌كه‌م ساڵی 2018 زایینی
آموزش وردپرس

شیرین عیبادی: کارنامەی هەموو کاندیداکانی سەرۆك‌کۆماریی ئیران ڕەشە

شیرین عیبادی خاوەنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل، لە گەرمەی بانگشەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماریی ئێران رایگەیەیاند: کارنامەی یەکەیەکەی پاڵێوراوانی پۆستی سەرۆک‌کۆماریی ئێران ڕەش و پیسە و بوونی شورای نیگابان پێچەوانەی رێسا نێودەوڵەتییەکان و یاسای بنەڕەتیی ئێرانیشە.

عیبادی رایگەیاند: کارنامەی مافی مرۆڤی هەموو پاڵێوراوانی پۆستی سەرۆك کۆماریی ئێران پڕ لە پەڵەی شەرمە و خەڵک ناچارن لە نێوان خراپ و خراپتردا، خراپەکەیان هەڵبژێرن.

شیرین عیبادی لە وتووێژ لەگەڵ کەمپەینی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤدا، گوتی: ئیبراهیم رەئیسی کە یەکێک لە پاڵێوراوانی هەڵبژاردنەکانە، دەستی لە ئێعدامە بە کۆمەڵەکانی ساڵی ١٣٦٧دا هەبووە و لە سەردەمی دەستەڵاتی حەسەن رۆحانیشدا رەخنەگرانی کۆماری ئیسلامی بە کۆمەڵ دەستبەسەر کراون.

وەک شیرین عیبادی دەڵێ ، ئیبراهیم رەئیسی لە بارەی مافی مرۆڤەوە کارنامەیەکی رەشی هەیە و دەستی لە کوشتنی زیندانیانی سیاسیدا هەبووە و لاوانی بەکۆمەڵ کوشتووە و تەنانەت شوێنی ناشتنی تەرمەکانیانی لە بنەماڵەکانیان شاردووەتەوە.

عیبادی، لەبارەی حەسەن رۆحانییەوە دەڵێ: وازرەتی ئیتلاعات کە سەر بە کابینەی رۆحانییە، لە دەستگیرکردنی پەیامنێران و چالاکانی مەدنی بەردەوامە و رۆحانیش ناتوانێت خۆی لەم تاوانە دەرباوێت.

شیرین عیبادی، لەبارەی مستەفا میرسەلیم یەکێکی دیکە لە کاندیداکانەوە دەڵێ، میرسەلیم لە ساڵانی ١٣٧٢ هەتا ١٣٧٦ بەڕێوەبەری وەزارەتی ئیرشاد بووە و لەو ماوەیەدا بە جەللادی کتێب نێوبانگی دەرکردووە.

شیرین عیبادی لە درێژەدا تیشک دەخاتە سەر ئەوە کە بەو جۆرەی شۆرای نیگابان پاڵێوراوەکان رەت دەکاتەوە، خەڵک ناچار دەبن لە نێوان خراپ و خراپترەکەدا دەنگ بە خراپەکە بدەن.

دوازدەهەمین هەڵبژاردنی سەرۆك‌کۆماری ئێران و شۆراکانی شار و دێ، ٢٩ی ئەم مانگە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێ کە شەش حزبی رۆژهەڵاتی کوردستان لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا داوایان لە خەڵک کردووە بەشداریی هیچکام لەم هەڵبژاردنانە نەکەن.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

*

code