لە بەرەبەری کۆتایی ساڵی خوێندندا باس لەوە دەکرێ کە سەدا 40ی قوتابخانەو خوێندنگەکانی پارێزگاکانی سنەو ئیلام لەگەڵ سەدا 30 قوتابخانەکانی پارێزگاکانی ورمێو کرماشان پێویستییان بە تێکدانو چاکردنەوەیە.
فەرەیدوون سەیدموستەفەوی، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگای ورمێ لە کۆبوونەوەی رێزنان لەو خێرخوازانەی قوتابخانە دروست دەکەن گوتی: لە ئێستادا 3 هەزار و 725 کلاسی خوێندن لەو پارێزگایە دوو شیفتەن. هەروەها 5 هەزار پۆلی خوێندنیش بۆ گەیشتن بە لانیکەمی ستانداردەکان پێویستە نۆژەن بکرێنەوە.
مەرزبان نەزەری، بەڕێوەبەری نوێکردنەوەی قوتابخانەی پارێزگای کرماشانیش بە ئاماژە بە کەمایسیی زۆری ئەو پارێزگایە لە بواری شوینو مەکانی خوێندنی قوتابیان دەڵێ دەوڵەت هەوڵو بەرنامەیەکی ئەوتۆی بۆ چارەسەری ئەو کەمایسییانە نییە. ئەو دەڵێ جیا لە کەمیی شوێنی خوێندن سەدا 30ی خوێندنگەکانی ئەو پارێزگایە بۆوە نابن دەرسیان تێدا بخوێندرێو دەبێ نۆژەن بکرێنەوە.
ئەو دەڵێ زۆربەی ئەو قوتابخانە کۆنو داڕماو و لەکەلککەوتووانە لە ناوچە هەژار و پەرەنەسەندووەکانی وەک سەرپێلی زەهاو، بیلەوار، سەرفیروزاوا، سۆنقۆڕ و کەنگاورن.
مەرزبان نەزەری دەڵێ لە ئێستادا 19 پڕۆژەی قوتابخانەی نیوەچڵ لەو پارێزگایەدا بە سەر دەستی دەوڵەتدا ماوەتە کە بۆ تەواوکردنیان زیاتر لە 30 میلیارد تمەن بودجە پێویستە. هەروەها بۆ ستانداردکردنی سیستمی گەرمکەرەوەی 2500 پۆلی خوێندن کە بەشی زۆریان لە گوندەکان هەڵکەوتوون بڕی 12 میلیارد تمەن پێویستە، بودجەیەک کە دەوڵەت دەڵێ ناتوانێ دابینی بکا.
شەهرام سەعیدی، بەڕێوەبەری نوێکردنەوەی قوتابخانەی پارێزگای سنەش دەڵێ هەرنەبێ سەدی 40ی قوتابخانەکانی ئەو پارێزگایە دەبێ توندوتۆڵ بکرێنەوە. ئەو دەڵێ نەبوونی بودجەو تەنانەت پێنەدانی بودجەی دیاریکراو بۆ قوتابخانەکان بووەتە هۆی ئەوەی نۆژەنکردنەوەو قایمکردنەوەی پۆلەکانی خوێندن لەو پارێزگایە وەدوا بکەوێ.
لانەکردنەوەی دەوڵەت لە پرسی خوێندن لە کوردستانو کەمایەسییەکان لە بواری شوێنو جێی خوێندنو ئیمکاناتی ستاندارد لەو چەند پارێزگایەی کوردستان لە حالێکدایە کە سەعید هۆژەبری، بەڕێوەبەری گشتیی نوێکردنەوەو پەرەپێدانی قوتابخانەکانی ئیلام دەڵێ ئەمساڵ سەدی 35ی بودجەکانیان بۆ ئەم مەبەستە کەم کرابۆوە.