چاونیوز: سێ گیراوی کورد بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگایی کردنیان بەشێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران.
بەپێی زانیارییەکانی چاونیوز، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی سەرماوەزی ١٣٩٩، دوو هاونیشتمانی شاری بانە بەناوەکانی واحید عەبباسزادە و ڕەحمان ڕەسووڵی بەدانانی بارمتە بەشێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران.
واحید عەبباسزادە ڕۆژی ١ی سەرماوەز لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و ڕەحمان ڕەسوولیش ڕۆژی ٥ی سەرماوەز قۆڵبەست کرابوو.
شیمانەی ئەوە دەکرێ کە ئەو هاونیشتمانیانە لەپێوەندی دەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری نیزام دەسبەسەر کرابن.
لەلایەکی دیکەشەوە، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەز، هاونیشتمانییەکی خەڵکی ئاوایی گەرگولی خوارێ سەربە پیرانشار بەناوی شۆرش عەبدوڵڵازادە دوای ١٨ ڕۆژ لێپرسینەوە بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی هەتا کاتی دادگایی کردنی بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.
ناوبراو لە ٢٥ی خەزەلوەر وێڕای ٥ کەسی دیکە لە ئاوایی گەرگول دەستبەسەر کرابوون و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات گوازرابوونەوە.
هەرلەم پێوەندییەدا ڕۆژی شەممە ١٥ی سەرماوەز پشتیوان ئەفسەر خەڵکی ئاوایی نێی مەریوان بە دانانی بارمتە لە زیندانەوە مرەخەسی پێدرا. ناوبراو بە تۆمەتی هاوکاری حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکومەتی ئێران ٩ساڵ حوکمی بەسەردا سەپابوو کە دواتر لە دادگای پێداچوونەوە ئەو حوکمە بۆ ٥ ساڵ کەم کرایەوە.