چاونیوز: کاسبکارێکی کورد لە شاری سەبزوار لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە تەقەی لێکرا و کوژرا.
بەپێێ هەواڵی چاونیوز، ڕۆژی هەینی ٧ سەرماوەزی ١٣٩٩، هاونیشتمانییەکی کورد خەڵکی ساری سەقز بە ناوی “سیامەک کەریمی” کوری عوسمان لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بە گومانی پێبوونی باری قاچاغ تەقەی لێدەکرێ و گیانی لەدەست دەدا.
سەرچاوەیەک لە سەقز لەمبارەیەوە بە چاونیوزی ڕاگەیاند، کاتێک سیامەک بەرەو شاری سەقز دەگەڕێتەوە، بە گۆمانی ئەوەی کە باری قاچاخ لە ناو ئۆتۆمبێل دا هەیە، هێزەکانی ئینتزامی ئێران لە سەبزوار، لە ناوەڕاستی( ڕێگای فومن) بۆسەی بۆ دادەنێنەوە و لەکاتی گەیشتنی ماشێنی سیامەک و لە ئەنجامی تەقەکردنی ڕاستەوخۆدا ناوبراو گیانی لەدەستداوە.
ئەو سەرچاوەیە لە زمانی خزمێکی سیامەکەوە گوتی: پاش دوو ڕۆژ سەرگەردانی بنەماڵەکەی کە داوای تەرمی ناوبراویان کردووە و هەر جارە و ناونیشانی نەخۆشخانەیەکیان پێدابوون کاتێک دەیدۆزنەوە هەموو کەل و پەلەکەی تەنانەت کاتژمێرەکەی دەستی و موبایلەکەی و ئەنگوستیلەکەیشیان دزیووە.
جێگای ئاماژەیە، سیامەک کەریمی خێزاندارە و کچێکی تەمەن پێنج ساڵەی بەناوی ئایسان هەیە.