چاونیوز: ٢١ ساڵ لەوەپێش رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ٢٥ی نوامبری وەک رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوە بۆ بنبڕکردنی توندتیژی دژ بە ژنان ناودێر کرد. ئامانج لە دیاریکردنی ئەو رۆژە، بڵاوکردنەوەی ئاگایی، فیرکردن، هەڵویست نواندن، کارکردن و گەڵاڵەرێژی بۆ رووبەڕووبوونەوەی شێوە ئاڵوزەکانی توندتیژی دژ بە ژنان لە لایەن دەوڵەتان، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ بووە.
ناودێرکردنی ئەو رۆژە دەگەرێتەوە بۆ ٢٥ی نوامبری ١٩٦٠ کە سێ خوشکی خەڵکی کۆماری دومینیکن بە نیوەکانی پاتریا، ماریا و آنتونیا میرابال دوای چەندین مانگ ئەشکەنجە لە لایەن سوپای ئەو وڵاتە کوژران، تاوانی ئەو سێ خوشکە بەشداری لە چالاکی سیاسی دژی دیکتاتۆری زاڵ بەسەر دومینیکن بوو.
دوای ٢١ساڵ واتە لە ساڵی ١٩٨١، لە گردبوونەوەیەک لە پێتەختی کۆلۆمبیا کە چالاکانی مافی ژنان لە ئامریکای لاتین و ناوچەی کارائیب پێکیان هێنابوو، پێشنیاری رۆژی ٢٥ نوامبریان وەک رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندتیژی دژی ژنان بە دوو مەبەست کرد:
_ رێزلێنان لە هەوڵ و ئازایەتی خوشکانی میرابال
_ هەستیاری و هاندانی رای گشتی کۆمەڵگا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندتیژی دژ بە ژنان.
بە هۆی ئەم چالاکییانە، لە ساڵی ١٩٩٩ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو رۆژەی وەک رۆژی جیهانی بەرنگاربوونەوەی توندتیژی دژ بە ژنان بە رسمی ناسی.
هەرچەندە توندتیژی دژ بە ژنان لە ئێستادا زۆر باسی لەبارەوە دەکرێت و سەرنجێکی جیهانی پێدراوە، بەڵام توندتیژی هەروا مەسەلەیەکی بەربڵاوە. هەربۆیە بە رای کارناسان بڵاوکردنەوەی ئاگایی بە تەنیایی وەڵامدەر نیە و رێگەی سەرەکی کرداری سیاسی و بردنەسەری بودجەی دەوڵەتەکانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندتیژی.
توندتیژی دژ بە ژنان بە هۆی فرەرەهەندی و بەربڵاوی، تەنیا یەک جۆر نیە؛ جگە لە توندتیژییە باوەکانی وەک جەستەیی، رەوانی، بنەماڵەیی، سونەتی و مەزهەبی؛ کاتێک توندتیژی حکوومەتی دێتە گۆرێ، هۆکارە و بەرنجامەکانی توندتیژی ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر دەبن و لەم حاڵەتەدا دەسەڵات دەبێتە هۆکاری رەواییدان و بەرەودانی زیاتر بە توندتیژی.