چاونیوز: شەپۆڵێکی نوێی دەسبەسەر کردن و بانگ کردنی چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی لە پارێزگای کرماشان دەست پێکردووە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو چەندین کەس لە چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی بە گشتی چینی ڕوناکبیر و توێژەری دیاری پارێزگای کرماشان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئەو پارێزگایە بانگ کراون و بەشێکیان دوای لێپرسینەوەیان ئازاد کراون و چەند کەسێکیش هەتا ئیستا لە گرتنگەکانی ئیتلاعات ڕاگیراون.
سەرچاوەیەک لە شاباد سەربە پارێزگای کرماشان بە چاونیوزی گوت: بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٣ی سەرماوەزی ١٣٩٩، هێزێکی زۆر لە ئیتلاعاتی سپای پاسداران هەڵیانکوتاویتە سەر ماڵی برایانی مرادی و سۆهراب و داریوشیان قۆڵبەست کردووە.
ئەو سەرچاوەیە گوتی: ئەو هێزانە وێڕای پشکنینی ماڵی برایانی مرادی، گوشی موبایل، لەبتاب، کتێب و هەندێک کەرەسەی کەسی ئەو دوو کەسەشیان دەست بەسەرداگرت و دەگەڵ خۆیانیان برد.
سەرچاوەکەی چاونیوز هەروەها گوتی: هێزە ئیتلاعاتییەکان دوای دەستبەسەر کردنی برایانی مورادی ژنێک بەناوی ئانیسا جەعفەری مێهر، هەروەها عەبباس(ئاکۆ) جەلیلیان و هۆمایون عەبباسی لە کەسایەتییە دیارەکانی ناوچەکەیان دەست بەسەر کردووە و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری گرتنی ئەو چالاکانە لەبەر دەست دانییە.
ئەو سەرچاویە گوتیشی: چوار کەسی دیکە(ناوەکانیان لای چاونیوز پارێزراوە) دوای ئەوەیکە بانگی ئیتلاعات کراون و لێپرسینەوەیان لێ کراوە ئازاد کراون.
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نیگەرانی خۆی لە هەمبەر شەپۆڵی نوێێ گرتن و بانگ کردنی خەڵکی ئاسایی، چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی سەرجەم کوردستان و بەتایبەتی پارێزگای کرماشان دەردەبڕێ و داوا لە سەرجەم ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان دەکا لەبەرامبەر گرتن و زیندانی کردنی خەڵکی بێ تاوانی کورد بێ هەڵوێست نەبن، هەروەها ڕایدەگەیێنین بەرپرسیارەتی گیانی هەموو ئەو کەسانە لە ئەستۆی ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە.